ئەمڕۆ هەینی 11ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یۆنان، لە ئەسینای پایتەخت کۆبووەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە تاووتوێ کران.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و یۆنان، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا. هيواشی خواست کە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە هەرێمی کوردستان ببینێت.
سەرۆک وەزیرانی یۆنان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشاندا و بە سەردانێکی مێژوویی ناوبرد کە یەکەمجارە سەرۆک وەزیرانێکی هەرێمی کوردستان سەردانی یۆنان دەکات. سەرۆک وەزیرانی یۆنان، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەشی بەوەدا کە بەم نزیکانە، بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومی و وەبەرهێنەرانی یۆنانی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی ، پەرەسەندنەکانى ناوچەکە بەگشتى، ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی تیرۆر و شەڕى داعش ، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون .
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر