بەرێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە 6مانگ زیندانی کرا

لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، دادگای هەڵەبجە بڕیاریدا بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە 6 مانگ زیندانی بکات.

مەریوان عەبدولڕەحیم، برای ناسیح عەبدولڕەحیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، بەپێی ماددەی2ی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بڕیاری شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە.

ئەم بڕیارەی دادگای هەڵەبجە لەکاتێکدایە کە کەرتی تەندروستی ئەو پارێزگایە ڕووبەڕووی دەیان تۆمەتی گەندەڵی بووەتەوە، لەوانە وەرگرتنی پارە لە نەخۆش، بوونی دەرمانی ماوەبەسەرچوو، بوونی کەرەستەی پزیشکی ماوەبەسەرچوو لەگەڵ بوونی کەرەستە و دەرمانی بێ کوالێتی و ساختەکردنی پسولەی کڕین.

لەبەرئەوەی یەکێتی نییە دەستگیرکراوە

کەسێکی نزیکی د.ناسیح بە باڵکێشی وت: دەستگیرکردنەکەی سیاسییە و تەنیا لەبەرئەوەی د.ناسیح یەکێتی نییە، ئەو تۆمەتەیان بۆ دروستکردووە.

دکتۆر باخان ئازاد، پزیشک لە تەندروستیی پاریزگای هەڵەبجە رۆژی 27ی نیسانی ئەمساڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەردەم باڵەخانەی تەندروستیی هەڵەبجە باسی لە چەند شێوازێکی گەندەڵی کرد، کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە بەرپرسەکانی تێیوەگلاون.

دکتۆر باخان ئازاد وتی: “هیچ گەرەنتییەک لەسەر ژیانم نەبوو لە مانەوەم لە سلێمانی، بۆیە ئەمڕۆ بەناچاری لێیدەرچووم و دەرچوونەکەم لێی کاتییە، من دۆسیەیەکم هەیە کە خەمی گشتییە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەری بێنە قسە و نابێت بێدەنگی لێبکرێت”.

رۆژی 3ی حوزەیرانی ئەمساڵ، دکتۆر باخان ئازاد، لە کۆنگرەیەکی دیکەی رۆژنامەوانییدا لە سلێمانی رایگەیاند رۆژی 31ی ئایار لەلایەن هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی بەشێوەیەک کە بە “نامرۆڤانە” ناویبرد دەستگیرکراوە و سێ رۆژ هێڵدراوەتەوە، هەرچەندە رۆژێک دوای گرتنەکەی فەرمانی دادوەر بۆ ئازادکردنی هەبووە.

ئەو پزیشکەی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیدا باس لە وەرگرتنی پارەی زۆر بە رێگەی نادروست لە نەخۆش، فرۆشتنی خوێن، نووسینی پارەی زۆر لە کڕینی ئامێر و کەلوپەلی تەندروستی و چەندین شتی دیکەی کردووە، وەکو جۆرەکانی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە وەکو بانگەشەی بۆ دەکات.

هەفتەی رابردوو، دکتۆر باخان لەتری هەڕەشەکردن لێی سنووری سلێمانی جێهێشت و روویکردە هەولێر.

چیرۆکی دەستگیرکردنی دکتۆرە باخان ئازاد، پزیشکی گشتی لە نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە:

رۆژی 2021/05/31 چووم بەدوای کوڕەکەمدا لە قوتابخانە بیهێنمەوە، لە فولکە سەوزەکەی سەروو مزگەوتی قازی محەممەد [لە سلێمانی] وەستابووم. کەسێک لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا تەلەفۆنی دەکرد، هەر ئەوەندەم زانی بە شەق و جنێوی سووک و بە راکێشانی چەک کەوتە پەلاماردانی ئۆتۆمبێلەکەم و ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر دەرگاکەی بۆ نەکەمەوە بە چەک تەقەم لێ دەکات. منیش نە دەرگام کردەوە نە جام. حەزیشم دەکرد هەر لەوێدا بیکوشتمایە.

چ پێویست دەکات لە کاتی شۆفێریکردن لە ناوەڕاستی فولکەیەکدا هەڵبکوتیتە سەر من و بە زەبری چەک بتەوێت بمگریت؟ پاشان کۆمەڵیک ئاسایشیان هێنا، بە شەش-حەوت پیاو لە میکزەمینییەکدا چواردەوری منیان گرت. 

ئەوانە بە فەرمی لەلایەن کەسێکی ناو ئاسایشەوە نێردرابوون. لە کاتێکدا بابەتەکە بابەتی ئاسایش نییە کە ئەوان بۆی هاتوون. ئەوان بە ماددەی 2ی مۆبایل کە سەر بە دادگای لێکۆڵینەوەیە و دەیانەوێت بە ناوی خراپ بەکارهێنانی سۆشیال میدیا پزیشکێک بگرن. 

بردمیانە ئاسایش، وتم: “من جلەکانم جلی ماڵەوەیە. هیچ نەبێت، دەبێت جلێک لە بەر بکەم کە بگونجێت.” دوایی پەلاماری ماڵمانیان دا و مۆبایلی دایکمیان برد. ئەمانە هیچی فەرمانی دادوەری نەبووە. 

یەکێک لەو کەسانە لەلایەن کەسێکی تایبەتەوە بە ناوی “س.” کە لە سلێمانی بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانە، پەیوەندیی خزمایەتی و کۆمەڵایەتییان هەیە، ئەم کەسەی لە ئاسایشی سلێمانی وەکو هەڕەشەیەک بەکارهێناوە، چونکە پێشتر لە مانگی شوباتدا دوو رۆژ پێش دەستلەکارکێشانەوەی وەستا حەسەن منیان بۆ ئاسایشی سلێمانی بانگ کرد، لەوێ بەڵێننامەیەکیان پێ پڕکردمەوە و گوتیان: “دەبێت بە هیچ جۆرێک باسی گەندەڵییەکانی کەرتی تەندروستیی هەڵەبجە نەکەیت.”

ئەوە بوو لە رۆژی 2021/05/31ـدا بەسەر من و ماڵەوەمانیان دا کە ماڵەکەمانیان هەموو تێکدا بەسەر یەکدا. رۆژی دوای ئەوە دادوەر بە کەفالەتی 500 هەزار دینار ئازادی کردم، بەڵام ئەوان حسابیان بۆ فەرمانی دادوەر نەکرد و زیاتر لە دوو رۆژ لەوێ منیان هێشتەوە. 

دکتۆرە باخان ئازاد وتی: “دەبوو ئاسایش بەرگری لە من و خەڵکی بەشمەینەت بکات نەک لە پشتی کۆمەڵێک دز و گەندەڵەوە کە داهاتی وڵاتەکەی من و نەخۆشی هەڵەبجە بە هەدەر دەدەن و بە چەندین شێواز گەندەڵی دەکەن. ئامێرێک کە بە هەزار دۆلارە، کەچی پێنج هەزار و 500 دۆلاریان لەسەر حکومەت نووسیوە. ئامێرێک کە لە بازاڕدا نرخێکی دیاریکراوی هەیە، ئەگەر بایی پێنج هەزار دینار بێت، ئەوان 100 هەزاریان نووسیوە. بە 15 هەزار دیانر بووبێت، 800 هەزار دیناریان نووسیوە. دەبوو ئاسایش لە پشت ئێمەومانانەوە بووایە و پارێزگاریی لە ژیانمان بکردایە کە داوای گەڕانەوەی مافی نەخۆش و خەڵک دەکەین.”

ھەواڵی زیاتر