ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

کاتژمێر ٧:٣٠ سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، لەناوچەی شەرانش لەناحیەی دەرکاری قەزای زاخۆ، جارێکی تر له‌ درێژەی ئه‌و رووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو، پێشمەرگەیەک بەناوی(رەزوان محەمەد عەلی) شه‌هیدبوو.

له‌ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوودا، ئه‌وە جاری دووه‌مه‌ روداوی نه‌خوازراوی له‌و شێوه‌یه‌ رووده‌دات، ئێمه‌ له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ‌ ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه به‌توندی ئیدانه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین، كه‌ دواجار به‌قازانجی دوژمنان و ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان ته‌واوده‌بێت.

بانگ له‌ ته‌واوی هاوپه‌یمانان و حكومه‌تی عێراقی ده‌كه‌ین، بۆ نیشاندانی رۆڵی كارا و كاریگه‌ریان له‌ راگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ و پاراستنی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم، هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا رۆڵ بگێڕن.

هێزه‌كانی پەکەکەش دەبێت لەوە تێبگەن، بەم کردەوانەیان هیچ ئامانجێک بەدی نایه‌ت و ته‌نها گه‌له‌كه‌مان باجی گەورە ده‌دات، هێزەکانی پێشمەرگە لە ئاست بەرپرسیارێتی گەورەی سەرشانی خۆیاندا دەبن، لەپاراستنی شارو گوندەکان و خەڵکی کوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانی هه‌رێم له‌حكومه‌ت و په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانی.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دووپاتیده‌كاته‌وه‌، كه‌ پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێم له‌ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانیەتی و رێگه‌ نادات هیچ هێزو لایه‌نێك سنوره‌كانی بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ مافی خۆی ده‌زانێت به‌هه‌موو هێزه‌ دیموكراتخواز و وڵاتانی دۆست رابگه‌ینێت، كه‌ ئه‌ركی پێشمه‌رگه‌ پاراستنی ئاشتی و ئازادی و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، نه‌ك شه‌ڕێكی نه‌خوازراوی ده‌ستدرێژیكارانه‌.

سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوسه‌نگه‌رانی شەهید رەزوان دەکەین و شیفای خێراش بۆ برینداری ئه‌م رووداوه‌ ده‌خوازین.

وەزارەتی پێشمەرگە

٨ی حوزەیرانی٢٠٢١

ھەواڵی زیاتر