مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هەستابوو بە كوشتی ژنەكەی .
شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک لەگەڕەكی بەكرەجۆ لەشاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا ، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو دەركەوت كە پیاوێك گولـلەی ناوە بە ژنەكەیەوەو كوشتویەتی و هەڵاتووە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ( بنكەی پۆلیسی بەكرەجۆو نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن ) ی ڕاسپارد كە لێكۆڵینەوەی ورد لە ڕوداوەكە بكەن و تۆمەتبار بدۆزنەوەو دەستگیری بكەن.
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای لێكۆڵینەوەكان و گەڕان و پشكنینەكان توانرا لە ماوەی ٣ کاتژمێردا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت،لەئێستادا تۆمەتبار (م ، ك ، أ ) لەدایكبووی ١٩٦٨ بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
جێی ئاماژەیە بكوژو كوژراو لەپڕۆسەی هاوسەرێتی لێك جیابوونەتەوە بەڵام لە ماڵێكدا پێكەوە ژیاون.