مافی مرۆڤ: ئیدانه‌ی هێرشەکانی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و خاكی هه‌رێم دەکەین

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردسان، سه‌باره‌ت به‌ شه‌هید و برینداربونی ژماره‌یه‌ك پیشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی مافی مرۆڤدا هاتووە: “به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ی حوه‌زیران دوای ئه‌وه‌ی هێزێكی پێشمه‌رگه‌ به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ناوچه‌كانی ده‌ڤه‌ری ئامێدی ده‌نێردرێنه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزێكی په‌كه‌كه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و بریندار ده‌بن”.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە: “ئێمه‌ له ‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ، وێڕای ئه‌وه‌ی نیگه‌رانین له‌و ڕووداوه ‌و شه‌هیدبوون و برینداربوونی ئه‌و ژماره‌ پیشمه‌رگه‌‌ له هه‌مانكاتدا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه ‌و خاكی هه‌رێمی كوردستان، لێره‌وه‌ دووپاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ په‌كه‌كه‌ شه‌ڕ و چالاكییه‌كانی خۆی له ‌سنووری هه‌رێمی كوردستان بباته‌ ده‌ره‌وه ‌و ڕێز له ‌خاك و سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان بگرێت و چیتر نه‌بێته‌ مایه‌ی بیانووپێدان به‌ ڕاكێشانی وڵاتانی دراوسێ بۆ خاكی هه‌رێمی كوردستان و ئارامی خاك و سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان تێك نه‌دات و نه‌به‌زێنێت”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە هاتووە: “سه‌ری ڕێز بۆ شه‌هیده‌كان دا‌ده‌نه‌وێنین و هیوای شیفا و زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین و داواكارین هه‌موولا دان به‌خۆیاندا بگرن و دوور له‌ شه‌ڕ بارودۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و ئاشتی و ئارامی بگه‌ڕێننه‌وه‌ ناوچه‌كه”‌.

ھەواڵی زیاتر