حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی خۆی لە داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی ھەرێمی کوردستان راگەیاندن و وتەبێژی حكومەتیش دەڵێت: بوونی چەكدارانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەكانی توركیا و دروستبوونی شەڕ و پێكدادان.
دەقی راگەیەندراوەكە:
حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی كوردستان دەردەبڕیت و بە فەرمیش ئاگاداری حكومەتی توركیای كردووەتەوە كە كۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەكان بهێنن كە جێگەی قبولكردن نییە .
حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، كە بوونی چەكدارانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەكانی توركیا و دروستبوونی شەڕو پێكدادانی نێوان هەردوولا ، بۆیە داوا دەكەین كە ڕێز لە سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بگرن و چیتر دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دووچاری نەهامەتی وئاوارەیی وماڵوێرانی نەكەن.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان