پارتی بۆ تورکیا: سروشتی کوردستان مەکەنە قوربانی شەڕەکانی پەکەکە

فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بەیاننامەیەك لەبارەی بڕینەوەی دارەكانی ناوچەی بادینان لە لایەن توركیاوە بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە توركیا دەكات، هاووڵاتیان و سروشتی هەرێمی كوردستان نەكاتە قوربانیی شەڕەكانی پەكەكە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

بەیاننامەیەك لە فراكسیۆنی پارتییەوە لەبارەی شەڕی پەكەكە و توركیا و زیانگەیاندن بە ژینگەی كوردستان

بەداخەوە شەڕی پەكەكەو توركیا هەمیشە ماڵوێرانی بۆ سەر ژیان و ژینگەی كوردستان و كاول كردنی گوندەكان و نەهێشتنی ژیان هەبووە لە ناوچە سنوورییەكاندا.

ئێمە نەك ئێستا لەسەر داربڕین بەڵكو لە ڕابردووش ڕامانگەیاندووە با چیدی خەڵكی سڤیل نەبنە قوربانی و شەهید نەكرێن، با ئەم كێشەیە لەناو خاكی توركیا چارەسەر بكرێت و خەڵكی هەرێمی كوردستان و ژینگەی كوردستان و ئاژەڵ و سروشتی كوردستان نەبنە قوربانی ئەم شەڕە.

وەك چۆن داوا لەحكوومەتی توركیا دەكەین خەڵكی سڤیل و سروشتی كوردستان و گوندەكانمان نەكات قوربانی كێشەی خۆی لەگەڵ پەكەكە،لە هەمانكاتدا دەڵێین پەكەكە هەمیشە بیانووی داوەتە دەست توركیاو بە بەرپرسیارییەتەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆخی هەستیارو ناسكی هەرێمی كوردستان نەكردووە،بەپێچەوانەوە دەیانەوێت هەرێمی كوردستان تێوەبگلێنن و خەڵك و سروشت و خاكی كوردستان باجی ئەو بیانووانە بدات كە ئەوان دەیدەنە دەست حكوومەتی توركیا.

لێرەشەوە داوا لە حكوومەتی عێراقی دەكەین هەڵوێستیان هەبێت و لەم كێشەیە بێلایەن نەبن هەم لەگەڵ دەوڵەتی توركیا قسە بكەن و هەم پەیامێكی ڕوون بدەنە پەكەكە.

هەر لەمبارەیەوە یاداشتێكمان ئامادەكردووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و داوای ڕێكاری پێویستی پەرلەمانی و دانیشتنی تایبەت دەكەین لەسەر ئەم پرسە.

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان

31ی ئایاری 2021

ھەواڵی زیاتر