مەلا بەختیار: ئێمە ئێرانمان بردە کەرکوک

مەلا بەختیار لە کاتی بەشداریکردنی لە 25ـەمین فیستیڤاڵی گەلاوێژ لە شاری سلێمانی گفتوگۆیەکی کراوەی کرد، لە گفتوگۆکەدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی ئێران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو کرد و رایگەیاند، “ئێمە کۆماری ئیسلامیمان بردە کەرکووک، ئەگەرنا کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک کەرکووکی نەدەبینی”. 
ۆژی شەممە 29-05-2021 لە شاری سلێمانی 25ـەم فیستیڤاڵی گەلاوێژ بەڕێوەچوو. مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی لە فیستیڤاڵەکەدا باسی لە بارودۆخی پەیوەندییەکانی حیزبەکەی و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و رایگەیاند، سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران، “وەکو پێویست لە بایەخی شۆڕشی ئێمە تێنەدەگەیشتن.. [بەڵام لە ساڵی 1986] زانییان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێشمەرگە، شوێنێکی زۆرمان بەدەستەوەیە و دژی حکومەت ئازادمان کردووە.. هاتن و هاوکارییان کرد، ئێمەش کۆماری ئیسلامیمان بردە کەرکووک”. 
دوای رێککەوتنی جەزائیر لەنێوان ئێران و عێراق لە ساڵی 1975، محەممەد رەزا، شای ئەو کاتی ئێران هاوکارییەکانی بۆ شۆڕشی کوردی بڕی، مەلا بەختیاریش بە ئاماژەدان بە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 و رووخانی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران دەڵێت، “بێگومان پێش ئینقیلاب تەوقێکی گەورەمان لە کۆڵبوو کە رژێمی شا بوو”. لە سەرەتاکانی شۆڕشی گەلانی ئێران پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە و عێراق بەرەو ئاڵۆزی رۆشتن و شەڕێکی هەشت ساڵەیان لە 1980 تاوەکو 1988 کرد. مەلا بەختیار بە ئەنجامی شەڕەکە دەڵێت، “نە ئێمە و نە کۆماری ئیسلامی نەمانتوانی سەدام بڕوخێنین! هەر بۆیە ئیمام خومەینی وەک خۆی وتی: ‘پیاڵە ژەهرەکەی خواردەوە’ و شەڕەکەی راگرت”. 
دوای دوو ساڵ لە شەڕی ئێران، حکومەتی ئەو کاتی عێراق شەڕێکی دیکەی لەگەڵ کوێت دەستپێکرد، ئەوەش بووە هۆی تووڕە بوونی ئەمریکا و هاوپەیمانانی، مەلا بەختیار لەو بارەوە دەڵێت، لە دوای راگرتنی شەڕی ئێران-عێراق بارودۆخی یەکێتی زۆر خراپ بوو، بەڵام ماونەتەوە و درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان داوە، تاوەکو عێراق کوێتی داگیرکرد، ئەوەش ئاسۆیەکی فراوانی بۆ کردنەوە و هاوپەیمانان هاتن و لە عێراقیان دا. ئەو کاتەشی لە شاخ، “لە خەبات و قوربانیدان بەردەوام بووین، ئەمریکا، بەریتانیا و رووسیا، دژی ئێمەی پێشمەرگە، کۆمەکی سەدامیان دەکرد، بەڵام دوای داگیرکردنی کوێت، قۆناخێکی دیکە هاتە پێشەوە، ئەویش سەدام کەوتە ژێر گوشاری گەمارۆدان و سوپاکەشی لە کوێت تێکشکا” لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەلا بەختیار ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستانی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند، بەڵام ئاماژەی بە بوونی کەمتەرخەمی و گەندەڵییش کرد و رایگەیاند، “دەمانتوانی وا بکەین کوردستان زۆر لە ئێستای باشتربێ و ببین بە سەنگاپوورێکی دیکە”.
رووداو

ھەواڵی زیاتر