دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی زەوییەکانی کرد و بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاری پێدان، ئەمڕۆ فەرمانگەی خزمەتگوزاری 8ی حەسارۆک کرایەوە.
پێشتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبوو، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە وردی چاودێریی چارەسەربوونی ئەو دۆخە دەکات، چەند جارێکیش جەختی لە ئەوان وەکو پارێزگار و وەزیری شارەوانی کردۆەتەوە، کە دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.
ڕاگەیەنراوێکی پێشووی حکومەت لەوبارەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان موژدەی چارەسەرکردنی کێشەی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکی شاری هەولێر ڕادەگەیەنێت ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/5/12 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی زەوییەکانی هەشتی حەسارۆکی لە شاری هەولێر کرد.
دوای ئەوەی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر ، ڕوونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی کێشە و گرفتەکانی ئەو زەويیانە بۆ سەرۆکی حکومەت خستەڕوو ، سەرۆکی حکومەت لە وتەیەکدا، موژدەی بە خاوەن زەوییەکانی هەشتی حەسارۆک دا کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ، کێشەکانیان چارەسەر دەکات و بوار بۆ پێدانی مۆڵەتی بیناکردن دەکرێتەوە و پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم زەوییانە بەپێی پلانێکی گونجاو دەست پێ دەکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە ، لە شوێنەکانی تریش کێشەی هاوشێوە چارەسەر بکەن و خزمەتگوازریی پێ بگەیەنن، بۆ ئەوەی لە کاتێکی زوودا ، ئاوەدانیی لەو شوێنانە دەست پێبکات