سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەمە 2021.5.25، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی پەرورەدە و بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە کەرتی پەروەردە و پاراستنی قوتابیان و ڕێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و هاوکاری و کارئاسانی و ڕەخساندنی کەشێکی لەبار و گونجاو بۆ قوتابیان، بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان EJCC/ پارێزگای هەولێر بە هاوکاری کۆمپانیای کار لە قوتابخانەی کەریم شارەزایی بنەڕەتی شاری هەولێر، (250) فێنکەرەوە و (50,000) پەنجا هەزار دەمامک بەمەبەستی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و پاراستنی ژیانی قوتابیان و مامۆستایان بۆ قوتابخانەکان دابین کرد.
لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، ڕایگەیاند: “هەروەک چۆن لە قۆناغەکانی پێشوو لەڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشی ژووری ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی و پەروەردەی هەولێر بەردەوام بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی کراوە و کەلوپەل و پێویست دابینکراوە، هەر بەوشێوەیە بەردەوام دەبین لە پشیوانی و هاوکاریمان بۆ قوتابیانی ئازیز، سوپاس بۆ هەموو ئەو خێرخواز و لایەنانەی کە بەردەوام هاوکارو هەماهەنگی پارێزگای هەولێر بوونە”.