وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێك لەبارەی خۆسوتاندنی گەنجێكی رۆژهەڵاتی كوردستان لەبەردەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە شاری هەولێر بڵاو دەکاتەوە.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیاندراوێك لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە
بۆ بەدواداچوونی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی ئەمڕۆ ڕوویدا، كە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا ڕاستەوخۆ گواستییانەوە، گەنجێك لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لەشاری هەولێر، خۆی سوتاند، لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كۆبوونەوە، دۆخی ئێستای ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیای لە هەرێمی كوردستاندا، لە ڕووی ئیتیكی رۆژنامەوانی و بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیەوە، بە دۆخێكی نالەبار و خراپ وەسف كرد و دەیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی یاسایی و كۆمەڵایەتیەوە.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، لە ڕێی بەرێوەبەرایەتیی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەوە، وێڕای ڕێنمایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٤ بەتایبەتیش بڕگەی سێیەم، هەروەها ئاگادارینامەیەكی لە ٢/٥/ ٢٠٢١ دا داوە بەهەموو كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كە خۆیان بەدووربگرن لە پەخشكردنی ئەو هەواڵ و ریپۆرتاژ و بەرنامانەی دەچنە خانەی بڵاوكردنەوە و هاندانی توندوتیژی و كوشتن و خۆكوشتن، كە لە ڕووی دەروونیەوە زەمینەیان بۆ خۆش دەكەن.
لە ئەگەری پابەند نەبوونیان بەو ڕێنماییانەوە، لە ڕێی دەستەی داواكاری گشتی و لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كورستان، ڕێكاری یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.
ئەوەی ئەمڕۆش ڕوویدا، دەچێتە هەمان خانەوە، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان جگە لە جێبەجێ كردنی ئەركی وەزارەت بە پێی ئەو ڕێنماییانەی ئاماژەیان پێكراوە، داوا لە دەستەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی دەكات، هەموو ڕێكارێكی یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگا ڕاگەیاندن و پەیجانەی سۆشیال میدیا و پەیامنێر و وێنەگرانەی كە ڕووماڵی ڕووداوەكەیان كردووە، وەربگرێت.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان