قەڵادزێ.. کەسێک بە داری کارەباییەوە هەڵدەکوتێتە سەر خاوەنی نووسینگەیەکی دراو

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، کەسێک بە داری کارەبایی هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خاوەنی نووسینگەیەکی دراو و هەوڵیداوە جانتای پارەی خاوەن ماڵەکە ببات کە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی هەیە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 7:30 خولەک هێزەکانمان لە پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر کەسێکیان دەستگیر کرد کە لەماڵەکەی خۆیدا هەڵیکوتاوەتە سەر خاوەنی نوسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو، پاشان بەداری کارەبا هێرشی کردۆتەسەر و شوێنەواری 3 برینیش بەسەریەوە هەیە.

پاش دەستگیرکردنی و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی ناوە بەتاوانەکەیدا و بەوتەی خۆی ” کاتژمێر 2:00ی شەو بە حەبل لەسەربان چۆتە ناو حەوشەی تاوانلێکراو بۆ پارە، لەوێ ماوەتەوە تا کاتژمێر 7:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تا ئەو کاتەی خاوەنی نوسینگەکە سەیارەکەی هەڵدەکات بەمەبەستی چونی بۆ بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان و دەستبەجێ هێرشی کردۆتەسەر و چەند جارێک داری کارەبایی لێداوە، بەڵام خاوەنی نوسینگەکە بەرگری لەخۆی کردووە و نەیتوانیوە جانتای پارەکەی لێبستێنێت”.

بەوتەی خاوەنی نوسینگەکەش “ئەو کەسەی هێرشی کردۆتەسەر چەند ماڵێک لەخۆیانەوە دورە و بەسود وەرگرتن لەسەربانی دراوسێکان دزەی کردۆتە حەوشەی ماڵیان بەمەبەستی هێرشکردنەسەری تا جانتای پارەکەی لێ بستێنێت”

تۆمەتبار پێشتر ئامادەکاری کردووە و دەستیش گیراوە بەسەر دارێکی کارەبایی و حەبلێکی 8 مەتری و مۆبایلێک و دەستکێش و کڵاوێک و ماسکێک، تۆمەتبار بەندکراوە بە ماددەی 406 بڕگەی 31 و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامه.

ھەواڵی زیاتر