چەند هەڵمەتێکی هەمەجۆری خاوێنکردنەوە لە هەولێر بەڕێوەچوون
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر چەند هەڵمەتێکی هەمەجۆری خاوێنکردنەوەیان لە بازاڕ شوێنە جیاوازەکانی شاری هەولێر بەڕێوەبرد و تێیدا چەندین شوێنی گشتی و پارک خاوێنکرانەوە و شۆردران.
بەمەبەستی پاراستنی دار و ناوچەی سەوزایی لە مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە، هەڵمەتی خاوێنکرنەوە و لادانی گژوگیا لە شەقامی 120 مەتری و گۆڕەپانی گەڕەکی وەزیران و دارستانی گەڕەکی شادی و چەند شوێنێکی دیکەی گەڕەکی راستی و شەقامى سەرەكى پیرمام و پارکی زانکۆ 2 و چەند گۆڕەپانێکی دیکەش بەڕێوەچوو کە تێیدا ئەو شوێنانە خاوێنکرانەوە.
لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر هەڵمەتێکی دیکەیان لە پارکی شانەدەر کە یەکێکە لە پارکە گەورەکان لەسەر ئاستی کوردستان، بەڕێوەبرد کە تێیدا بەشی زۆری پارکەکە شۆردرا و پاشان زبڵ و خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکان فڕێدران. هەروەها دوورگەی ناوەندی شەقامی کەسنەزان لە هەڵمەتێکدا خاوێنکرایەوە و کاری ڕێکخستن بۆ فریز و ناوچە سەوزاییەکانی دوورگەکەش کرا، هاوکات لە چەند شوێنێکی دیکەی هەولێر ئەو جۆرە هەڵمەتانە بەڕێوەچوون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان و ژینگەپاێزی هەولێریش داوا لە هاووڵاتییان دەکەن کە ڕەچاوی پاکوخاوێنی شوێنە گشتییەکان بکەن و لەو ڕووەوە هاوکاری تیمەکانی خاوێنکردنەوە بکەن.