ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/5/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکی کرد کە پێکهاتبوو لە جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک به وهكالهت، ئەیمی کەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بەوەکالەت، زەهرا بێل بەڕێوەبەری کاروباری سوریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا .
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا.
شاندی میوان جەختی لە بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کردەوە ، هەروەها ئاماژە بە گرنگیی کاراکردنی سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش کرا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق .
لە تەوەرێکی دیکە دیدارەکەدا ، تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی پابەندبوون بە یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردەوە لە پێناو برەودان بە ئازادی کاری سیاسیی و فرەلایەنی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە . لە سەر کەیسی حوکمدراوانی بادیناندا ، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت . پشتیوانیی و ڕێز و پێزانینی خۆشی بۆ کاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە ڕەفتارە نا یاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسیيەکان دروست ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات.
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر