وەزارەتی پەروەردە: رۆژی یەکشەممە خوێندن دەستپێدەکاتەوە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی قوتابخانە ڕایگەیاند، کە لە رۆژی یەکشەممە 16-05-2021 بەشێوازی نۆرە دەست بە خوێندن دەکرێت لە قۆناخی یەکەم تاوەکو 11ـیەم، بڕیارەکەش سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان دەگرێتەوە.

دەقی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پەروەردە:

ئاماژە بەو دەسەڵاتەی لە کۆبوونەوەی ١٠ / ٣ / ٢٠٢١ لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی  ڤایرۆسی کۆرۆنا پێمان دراوە، لەدوای گفتوگۆکردن  لەگەڵ  بەڕێزان  سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆڕۆنا  ، بریارمان دا بە :

١-  دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەکشەممە ١٦/ ٥ /٢٠٢١ بەشێوازی بەنۆرە (تناوب) ، بۆ قۆناغی (یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی ( حکومی – ناحکومی ) و ئەو قوتابخانانەی گوندەکان، کە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا دەوامیان کردووە لەسەر یەک، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن .

٢-  پێویستە هەمو لایەک پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان. دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، جگە لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و تیمی تەندروستی، دەدرێت بە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی هاوڕێی ڕەخنەگر، کە پێویستە چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن.

٣ – لە حاڵەتی توشبون و چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان ، بەسەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.

٤- بەخێوکاری قوتابییان و خوێندکاران، ئەگەر  ئارەزویان بێت منداڵەکەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت،  دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆرمی بەلێننامە پڕبکەنەوە، کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە  بەردەوام دەبن ، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ناوپۆل جێبەجێ دەکرێن.

٥- وەزارەتی پەروەردە، وێڕای سوپاسی بۆ هەمو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ئەو مامۆستایە بەرێزانەی ڕۆلیان هەبووە لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی گروپەکانی تیلگرام و ڤایبەر و …. هتد ،  وا پێویست دەکات  بەردەوام بن لە کارەکانیان و لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە ، لە ڕێگای ئەو شێوازی پەیوەندیکردنانەی، کە بەکارهێنراون.

دەتوانرێت ئەو سێ ڕۆژەی قوتابی لە ناوپۆل نییە، ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێبدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربوونی بدرێت ، تەنیا لەو بابەتانە کە پێویستە تاقیکردنەوەیان لێبکرێت، لەگەڵ خشتەی بەشەوانەکان، کە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتدا هاتووە و پێشتر ڕایانگەیاندوە و بۆ دامەزراوەکانی وەزارەت ناردراون، لەم ڕوانگەیەوە کاری لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

١٥ ی ٥ی ٢٠٢١

ھەواڵی زیاتر