بەریتانیا: دەمانەوێت سەرکردایەتی ریفۆرمی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە بکەین

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی ئایاری٢٠٢١، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی کرد له‌ مارشاڵ سامیوڵ سامپسۆن، گه‌وره‌ راوێژکاری به‌رگریی بەریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئەفریقا و کۆڵۆنێڵ چارڵی، راوێژکاری هێزەکانی بەریتانیا لەهەرێم و  وەفدێکی یاوه‌ری.

له‌ دیدارێکدا، کە هەریەک لە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی و فەریق جەمال محمد سەرۆکی دەستەی ئەرکان و راوێژکارانی باڵای وەزارەت ئامادەیبوون، گفتوگۆ کرا، لەبارەی دوایین پێشهات و جموجۆڵ و  مه‌ترسييه‌كانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

وەزیری پێشمەرگە، هۆشداریدا لە کردە تیرۆریستیەکانی داعش، کە لە ئێستادا بەتەواوی خەریکی خۆرێکخستنەوەن لە رێگەی تەکتیکی تازەوە، وتیشی: بەهێزبوونەوەی داعش، مەترسیە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی جیهان، وەک چۆن پێشمەرگە لەرابردوودا شەڕی تیرۆریستانی لەبری جیهان کرد، لەئێستاشدا بۆ رێگری لەو مەترسییە پێویستیمان بەهاوکاری ئێوەو هاوپەیمانان هەیە.

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، پرسی پەیوەندیەکانی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق گفتوگۆی لەبارەوەکرا، لەم بارەیەوە جەختکرایەوە لەسەر  هەماهەنگی کاری هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپاى عێراق، بە پشتیوانیی هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

 هەروەها وەزیری پێشمەرگە، لەسەر هاوکارییەکانی سوپای بەریتانیا، سوپاسی گەل و حکومەتی بەریتانیای کرد، کە بەردەوام هاوکارێکی گرنگ و کاریگەر بوون.

مارشاڵ سامپسۆنیش لای خۆیەوە، وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە، کە بەریتانیا لەهاوکاری و یارمەتییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و ئامانجیانە لەم قۆناغەدا سەرکردایەتی رێفۆرمی سەربازی بکەن لەوەزارەتی پێشمەرگەدا.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، راوێژکارانی باڵای سەربازی بەریتانیا و تیمی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستانی داعش.

ھەواڵی زیاتر