یەکێتی و گۆڕان بۆ ھاوپەیمانێتی ڕێککەوتن

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێککەوتنی هاوپەیمانێتیی نێوانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق واژۆکردووە، سبەینێش جڤاتەکانی گشتیی و نیشتمانیی گۆڕان بۆ دەنگدان بە رێککەوتنەکە کۆدەبنەوە.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەی ئاگادارەوە دەستیکەوتوون، یەکێتی و گۆڕان رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەی هاوپەیمانێتیی نێوانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، کە بڕیارە 10-10-2021 بکرێت، کردووە، رۆژی شەممە 1ی ئایاری 2021 کاژێر 10:00 جڤاتی گشتیی و دواتریش جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی دەنگ بە رێککەوتنەکە بدەن و شێوەیەکی یاسایی وەربگرێت.

 چاوەڕواندەکرێت دوای کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی گۆڕان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وردەکارییەکەی رابگەیێنن، رووداو زانیویەتی ئەو دوو لایەنە لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە شەڕی راگەیاندن ناکەن و هەل دەدەنە یەکدی بۆ سەرکەوتنی بەربژێرەکانیان. 

رووداو ئەوەشی زانیوە، کە یەکێتی رێککەوتنێکی بەجیا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کردووە و بەجیاش لەگەڵ هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی رێککەوتووە. رێککەوتنە گشتگیرەکەش ئەوەیە کە لەو شوێنانەی دەنگدەری لایەنێک زۆرترە، لایەنێکی دیکە بەربژێری نابێت، بۆ نموونە بزووتنەوەی گۆڕان لە شارەزوور و بادینان بەربژێری نابێت و هەل دەداتە بەربژێری سێ لایەنەکەی دیکە، بەهەمانشێوە ئەم شێوازی بەربژێرکردنە لە سنوورەکانی دیکەش رەنگدەداتەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرپەرشتیی رێککەوتنە چوارقۆڵییەکە و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانیش لەگەڵ لایەنەکاندا دەکات. بەپێی زانیارییەکانی رووداو کۆمەڵی دادگەری (سۆران عومەر)ی بۆ سنووری رانیە بەربژێر کردووە، (ئەحمەد حاجی رەشید) بۆ سنووری شارەزوور و (عەبدولستار مەجید) بۆ سنووری هەولێر، بەڵام هێشتا بەربژێری لایەنەکانی دیکە نەزانراوە، بەڵام لە یەکگرتووش (د. موسەننا ئەمین) بەربژێری دیارە و یەکلایی بووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر