ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و خستنەڕووی دەرەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی تەوەرێکی کۆبوونەوەکە دەبێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی دەکات و چەند بابەتێک تاوتوێدەکات.
ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێدەکرێن:
ـ خستنەڕووی پرێزنتەیشنێک سەبارەت بە دوا ژمارەکانی پڕۆژەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١.
ـ خستنەڕووی دەرەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لە هەرێمی کوردستان.
ـ خستنەڕووی چەند یاسایەک کە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی کردووە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پڕۆژە یاسایانە خراونەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران:
١. خستنەڕووی پڕۆژەیاسای (دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق) و هاوپێچەکەی (رێساکانی رێکار و کۆکردنەوەی بەڵگەکان).
٢. خستنەڕووی پڕۆژەیاسای (بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی هەردوو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو).
٣. خستنەڕووی رەشنووسی هەموارکردنی یاساکانی (یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، یاسای بازرگانی) تایبەت بە بابەتی (ناوی بازرگانی و تۆماری بازرگانی).