بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی تۆڕی كارەبای كەركووك ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ڕەشەباوە چەند تاوەرێكی هێڵی كەركووك- هەولێر سەنتەر 400 كەی ڤی كەوتوونە و بەو هۆیەوە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی لە كەركووك كەم دەكات.
ئەمڕۆ سێشەممە 27/4/2021، عەلی كەرەم، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی تۆڕی كارەبای كەركووك، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەهۆی ڕەشەباكەی دوێنێوە، ژمارەیەك تاوەری كارەبای هێڵی كەركووك- هەولێر سەنتەر 400 كەی ڤی، کەوتوونە و زیانیان پێكەوتووە”.
گوتیشی: “ئێستا تیمێكی كاركردن بۆ چاككردنەوەی ئەو تاوەرانە لە كارمەندانی ئەندازە و هونەری تۆڕی كارەبای كەركووك پێكهێنراوە”.
ئەوەشی گوت: “بەهۆی كەوتنی ئەو تاوەرانەوە، كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی كەركووك كەم دەكات”.