مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییانەی سەر هەولێری کرد و پشتگیریی هاوپەیمانانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە لە گەڵ حکومەتی عێراق، لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و کۆتاییان بێت.
لە دیدارەکەدا هەروەها، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵی کرایەوە.
باڵیۆزی بەریتانیا، ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئامادەیی وڵاتەکەشی ، بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێم دەربڕی.
سەرۆکی حکومەت، سوپاسی پشتگیریی هەڵوێستی بەریتانیا و هاوپەیمانانی کرد و داوای کرد، حکومەتی فیدراڵی، پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، تایبەت بە یاسای بودجەی گشتیی، جێبەجێ بکات و بەشە بودجەی هەرێم، لە ئایندەیەکی نزیکدا بنێرێت.
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.

ھەواڵی زیاتر