وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێن “بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەکانی لێکۆڵینەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان”.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە “هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەولێر و ناوچەکانی دیکە، هێرشی تیرۆریستین و ئامانج لێیان تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نانەوەی دووبەرەکییە”.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق دەڵێن “هێرشەکان هەوڵێکی شکستخواردوون بۆ تێکدانی بەرەو پێشچوونەکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان”، هەروەها ئاماژەیان بەوەش کردووە “هاوئاهەنگی و هاوکارییەکان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییان و رووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دۆخی ئەمنی تێکدەدەن”.