بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنە تۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ بێبارانی کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنم بووە و پێیوایە بەرهەم ناگاتە ئاستی نیوەی پار.
رێژین سدیق، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنە تۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە رووداوی راگەیاند: “پار لەبەر ئەوەی باران زۆر باش بوو بەرهەمی گەنممان زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم بوو و حکومەتی عێراقی نزیکەی 410 هەزار تۆنی وەرگرت. بەڵام ئەمساڵ هەرچەندە دروێنە دەستی پێنەکردووە، بڕوا ناکەم بەرهەممان بگاتە ئاستی نیوەی پار کە هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمیش کەمیی بارانبارینە.”
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسەندکردنی بنە تۆو ئاماژەی بەوە دا، ئەمساڵ کە بارانبارین زۆر کەمی کردووە، لە هەولێر لە هەندێک شوێن 200 ملیمەتر نەباریوە و بڕوایش ناکەم ئیدی بگاتە ئەو ژمارەیە. بۆ بەرهەمی گەنمی چاکیش پێویستمان بە 450 ملیمەتر بۆ 500 ملیمەتر باران هەیە. بە داخەوە لەگەڵ ئەو بێبارانییەدا، سن و کیسەڵە زۆر لە گەنمی جووتیارانی دا. وەزارەتی کشتوکاڵ بە بێبەرامبەر بڕێک پارەی بۆ پارێزگاکان دیاری کردووە بۆ ئەوەی قڕکەر بۆ جووتیاران بکڕن و دوێنێ بەسەریاندا دابەش کرا.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە لێدوانێکیدا داوای لە جووتیاران کرد کە گەنمەشامی بچێنن.
رێژین سدیق لەو بارەیەوە وتی: “باشتر وایە جووتیاران بە گوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەست بە چاندن بکەن بۆ ئەوەی هەمەچەشنییەک لە بەرهەمی کشتوکاڵی هەبێت. داوامان لە جووتیاران کردووە ئەو بەرهەمانە بچێنن کە دوای دروێنەی گەنم دەچێنرێن، وەک گەنمەشامی، فول سۆیا، کونجی و هەرزن بۆ ئەوەی هەمەچەشنییەک لە بەرهەمهێناندا دروست ببێت. هەروەها داوا لەو جووتیارانە دەکەین کە گەنمەشامی دەکەن و ئاوی ژێر زەوی بەکاردەهێنن، دەست بە ئاوەوە بگرن. ئێمە وەکو وەزارەت دەتوانین جۆری گەنمەشامیی وایان بۆ دیاری بکەین کە ئاوی کەمتری بوێت و زیاتر بەرگەی وشکی بگرێت.”
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ساڵانە بنە تۆو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکات کە بەشی سەرجەم جووتیاران ناکات.
ئەو بەڕێوەبەرە لە وەزارەتی کشتوکاڵ وتی: “هەموو ئەو بنەتۆوە گەنمەی بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەکەین هی ناوخۆن و لە ناوەندە توێژینەوە کشتوکاڵییەکاندا بەرهەم هێنراون. لە بەغدایش بە ناوی وەزارەتی کشتوکاڵ و ناوەندە توێژینەوەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمارمان کردوون؛ ئێستا زیاتر لە 17 جۆر تۆمار کراوە و 10 جۆری دیکەیش لەژێر ئەزمووندان و ئەگەری هەیە مانگی حەوت تۆمار بکرێن کە یەکێکیان جۆیە.”
بەرهەمێکی دیکەی گرنگ کە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا خواستی لەسەرە جۆرەکانی سەوزەیە و جووتیاران بە شێوەیەکی بەرچاو دەیانچێنن.
رێژین سدیق وتی: “تاوەکو ئێستا تۆوی سەوزە و میوەکان لە دەرەوە دەهێنرێت کە زیاتر لە وڵاتە ئەوروپییەکانەوەیە، بەڵام لێرەیش کۆمپانیا هەیە دەستی بەوە کردووە کە تۆوی سەوزە و میوە بەرهەم بهێنێت.”
بەغدا لە وەرگرتنی گەنمدا جیاوازیی لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و سایلۆکانی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوون بەرهەمی گەنم بە تەواوی وەربگرن و جووتیاران ناچار بوون بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ ساخی بکەنەوە.
رێژین سدیق ئەوەی خستەڕوو: “ئێمە سایلۆمان بۆ هەڵگرتنی گەنم هەیە، بەڵام بەبازاڕکردنی گەنم لە رێگەی حکومەتی ناوەندیی عێراقەوەیە و ساڵانە ئەوان بەپێی بودجەی عێراق بڕیک دیاری دەکەن و پشکی هەرێمی کوردستان دیاری دەکەن، لەسەر ئەو بنەمایە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت. ئیدی لە دەرەوەی ئەو نەخشە کشتوکاڵییە گەنمێکی زۆر دەمێنێتەوە. پار لەگەڵ دوو کۆمپانیادا گرێبەستێک کرا کە ئەو گەنمە بکڕنەوە کە سایلۆ وەریناگرێت. ئەو کۆمپانیایانە هەموو جۆرەکانی ئارد و بڕوێش و گەنمەکوتاو و ساوەر بەرهەم دەهێنن. ئێستا ئەو کۆمپانیایەی لە هەولێر دەستبەکار بووە، ئەگەری هەیە مانگی شەش لەگەڵ دروێنەکردنی گەنمدا گەنمی جووتیاران وەربگرێت.”
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، رووبەری چێندراوی گەنم لە هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە، بە جۆرێك رووبەری چێندراوی ساڵی 2019 بەراورد بە 7 ساڵی رابردوو بە رێژەی 19.4% زیادی كردووە؛ لە دوو ملیۆن و 660 هەزار و 297 دۆنمەوە بۆ سێ ملیۆن و 303 هەزار و 47 دۆنم زیاد بووە.