سبەی باران دەبارێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شەممە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی نیمچە هەور دەبێت و ناوبەناو باران دەبارێت. 

ئەژی چەتۆ، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی راگەیاند: “لە سبەینێوە کەشوهەوا دەگۆڕێت؛ لە پارێزگای دهۆک ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و دواتر دەبێتە هەوری تەواو و ناوبەناو بارانی بەهارە دەبارێت و هەورە بروسکەشی لەگەڵ دەبێت؛ هاوکات با خێراتر دەبێت و کەمێک خۆڵ دەبارێت”.

 لە پارێزگای هەولێریش بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، کەشوهەوای سبەی شەممە وەکو ئەمڕۆ دەبێت، بەڵام پلەی گەرما سێ تاوەکو چوار پلە دادەبەزێت، ئاسمانیش لە هەوری پچڕ پچڕەوە دەبێتە نیمچە هەور.

“هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارینی نمەباران هەیە، هەورە بروسکەشی لەگەڵدایە و با خێراتر دەبێت، کەمێک خۆڵیش دەبارێت.” 

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک، ئاسمان لەنێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت. پلەی گەرماش سێ تاوەکو چوار پلە دادەبەزێت، بەڵام ئەگەری نمەباران لەوێ کەمە و ئەگەر بشبارێت بە شەو دەبارێت. لە پارێزگای سلێمانیش وەک کەشناسی باسی دەکات، ئاسمان لە نیمچە هەورەوە دەبێتە هەور، تاوەباران و هەورە برووسکەشی دەبێت. ئەوە لەکاتێکدایە، لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ئیدارەی گەرمیان، زەنگی وشکەساڵی لێدراوە و بەشێکی زۆری کشتوکاڵی جووتیاران لەنێوچووە.

ھەواڵی زیاتر