ڕونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی کەسێک کە ڤاکسینی وەرگرتووە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی هاوڵاتیەک بڵاوکردەوە کە دوای وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا نیشانەی لێدەرکەوتووە و رایدەگەیەنێت “دوو رۆژ پێش ئێستا ڤاکسینەکەی وەرگرتووە و رۆژی دواتریش تووشی ئازاری لەش و تا هاتووە و ئەوەش چاوەڕوانکراوە.”

ئەم هاوڵاتیە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 07-04-2021 لە فەیسبووکی خۆی پۆستێکی کردووە و وێنەیەکی بڵاوکردووەتە دەڵێت “بەداخەوە پاش سێ رۆژ لە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە رۆژی دووەمەوە تەندروستیم تەواو تێکچووە، ئێستاش کەوتمە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.”

ئەو هاونیشتمانییە ناوی محەممەد سەباحە و خۆی وەک مامۆستای ئایینی ناساندووە، ئاماژەی بەوە کردووە “ئێمە زیاد لە 10 کەس ئەم ڤاکسینەمان بەکارھێنا، تەنیا من تەندروستیم تێکچووە. داوا لە ھاووڵاتیان دەکەم خۆیان بپارێزن و ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاربھێنن.”

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لەبارەی قسەکانی ئەو هاوڵاتیە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت “رۆژی دووشەممە 04-05-2021 لە بنکەیەکی تەندروستی پێکوتەی دژە کۆرۆنای وەرگرتووە، بۆ رۆژی سێشەممە تووشی ئازاری لەش و تا هاتووە، کە ئەم نیشانە لاوەکیانەی وەك تا و لەرز و ژانی لەش چاوەڕوانکراوە و لە هەندێك کەس روودەدات و لەوانەیە بۆ 24 تاوەکو 48 کاژێر بمێنێتەوە.”

لە بەشێکی تری روونکردنەوەکەدا هاتووە “ئەم هاونیشتمانییە ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کردووە و چارەسەری تەواوی پێشکەشکراوە بۆ ماوەکی کاتی ماوەتەوە و دواتر نێردراوەتەوە ماڵەوە.” ئاماژە بەوەش دراوە کە “تیمی پاراستنی تەندروستی پەیوەندییان بەو هاونیشتمانییە کردووە و بەردەوام چاودێری دۆخی تەندروستی دەکەن و تەنها پێویستی بە پشوو هەیە.”

ھەواڵی زیاتر