بەسە، ھەڵەبجە سووك مەكەن!

سەرباری سێ دەیە تێپەڕین بەسەر موماتەڵەكردن بە ھەڵەبجە و خەڵكی لێقەوماو و ئازاردیدەی ھەڵەبجەدا، پاش تێپەڕینی (٧) ساڵ بەسەر مەرسوومی ھەرێم بۆ بوون بە پارێزگای ھەڵەبجە و بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دامەزراندنی دامەزراوەی پارێزگا و بڕیاری پەرلەمانی كورستان و ھێنانی دانیشتنێكی پەرلەمان بۆ ھۆڵی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە و دەیان ڕێكاری تر، تازە بە تازە لە خودی بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتیی ھەڵەبجەدا كە ئەویش تەندروستییە، ھەڵەبجە دەكرێتەوە بە قەزا و بچووك دەكرێتەوە و دەخرێتەوە سەر پارێزگای سلێمانی.
باشە ئەم بێدەسەڵاتیی و گەمژاندن و سوككردنەی ھەڵەبجە تاكەی؟ باشە بۆ دەبێت ھەر ڕۆژە و ئەم دەسەڵات و حكومەت و لێپرسراوانەی كورد و ھەڵەبجە لە كەرامەت و شكۆمەندیی ئەم شارە بدەن و كەسیش نەوێرێ لانی كەم ڕەخنەیەكیان لێ بگرێت؟
ئەگەر ھەڵەبجە پارێزگا نییە، دەی شەق ھەڵدەن لە تابلۆی سەر دەموچاوی بینای پارێزگاكەی و بڵێن كورە درۆیە و ئێوە و پارێزگا كوجا مەرحەبا!
دەی ئەگەر چەند ساڵە پارێزگا نییە، بە فەرمی ڕایگەیەنن و شەرم مەكەن، وەڵاھی قەزاكەی جاران ھەڵەبجە شارتر بوو نەوەك ئێستا كە مشتێ پڕۆژەی مقەوماتی پارێزگای تێدا نییە و ھەزار وەعدتان پێداوە و ھەر گاڵتەشتان بە بڕیارەكانی خۆتان كردووە.
بەسە وەڵا ئەمە قبوڵنەكراوە، ئەگەریش دەڵێن ئەم بابەتی پێكوتینی (ڤایرۆسی كۆڤید١٩)یە لەلایەن عێراقەوە ھاتووە و مەركەزییە دەی خۆ بە حساب لە عێراق ھەڵەبجە پارێزگای نۆزدەھەمینە، یان لانی كەم لەسەر وەسڵی پێكوتەكە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستیی ھەڵەبجە پێش ئەوەی مۆری لێبدات، سەیرێكی وەسڵەكەی بكردایە و بە لاكێك وشەی قەزای بكردایە بە پارێزگا.
ئەی ھەر دوێنێ نەبوو ژمارەتان بە فەرمیی كرد بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی ھەڵەبجە؟ دەی كەوابێ درۆ بوو! دەی بەسە ئیتر ھەڵەبجە سوك مەكەن، بۆتان نییە ئیتر بنووسن پارێزگای ھەڵەبجە و پارێزگاش نەبێت، ھەر عەیب و شورەییە، لای شار و شارانی تر حەیامان مەبەن!

ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢١/٤/٧
ھاوپێچی وێنە/ وەسڵی ئەمڕۆی پێكوتەیەكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ھەڵەبجە ـ نەخۆشخانەی مناڵبوون و مناڵانی ھەلەبجە، كە بەرواری ٢٠٢١/٤/٧ ی لەسەرە.

ھەواڵی زیاتر