سلێمانی … ده‌ست به‌سه‌ر بڕێك گۆشتی نەشیاودا ده‌گیرێت

قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێك گۆشتی ئاژه‌ڵدا ده‌گرێت كه‌ به‌شێوه‌ی نا ته‌ندروست سه‌ربڕدرابون، سه‌رۆكی لیژنه‌ی چواری قائیمقامیه‌ت ده‌ڵێت: ئه‌و گۆشته‌ی له‌لایه‌ن كوشتارگه‌كانه‌وه‌ مۆر نه‌كرابێت مه‌كڕن.
بێوه‌ی ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی چواری قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: ‌له‌ دو رۆژی رابردودا لیژنه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر بڕێك گۆشتی ئاژه‌ڵدا گرتوه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌شێوه‌ی ناته‌ندروست و نایاسایی سه‌ربڕدرابون و هه‌ر له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانیش به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت.
وتیشی:”شێوازی سه‌ربڕین و فرۆشتنی گۆشته‌كه‌ش له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان ناته‌ندروسته‌، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام تۆز و خۆڵ و دوكه‌ڵ له‌سه‌ر گۆشته‌كه‌ ده‌نیشێت كه‌ئه‌مه‌ش رێگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌ی به‌كتریا و ڤایرۆسه‌كانه‌ له‌سه‌ر گۆشته‌كه‌، له‌كاتی خواردنیدا زیان به‌ته‌ندروستی به‌كارهێنه‌ركه‌ ده‌گه‌یه‌نێت”.
رونیكرده‌وه:‌”لیژنه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر بڕێكی زۆر گۆشتدا گرتوه‌ له‌سه‌ر شه‌قامی‌ كانی با – شوقه‌كانی ئابوریناسان سه‌ربڕدراوه‌ و خاوه‌نه‌كانیان به‌نیاز بون‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغی بكه‌نه‌وه،‌ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی گۆشته‌كه‌ ره‌وانه‌ی ڤێتێرنه‌ری كراوه‌ بۆ له‌ناوبردن”.
سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات، له‌پێناو پاراستنی ته‌ندروستی خۆتان و خێزانه‌كانتان، گۆشتی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ مه‌كڕن كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانیه‌وه‌ پشكنین و مۆر نه‌كراوه‌ و له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕرێت و ده‌فرۆشرێت، له‌كاتی هه‌بونیدا له‌ڕێی ژماره‌ مۆبایلی (07708677777) قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

ھەواڵی زیاتر