دڵشاد گەرمیانی، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کە لە کۆنگرەی چوارەمدا پاشگری ئیسلامییان لێکردەوە، ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ گۆڕینی ناوی کۆمەڵ و لادانی پاشگری ئیسلامی و سڕینەوەی(لا ٳلە إلا اللە)ی سەر ئاڵاکەمان و بەرزکردنەوەی دروشمی کرانەوە نەبووین و بەهەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی دەبینین.
دەقی پەیامەکەی دلشاد گەرمیانی
وەڵامێک بۆ هەموو ئەو بەڕێزو خۆشەویستانەی لەڕای ئێمە دەپرسن ، سەبارەت بەگۆڕینی ناونیشانی خۆمان و بەرزکردنەوەی دروشمی کرانەوە؟؟ سەرەتا بەلوتف و کەرەمی خودای گەورە بەهەموو توانای خۆمان هەوڵماندا، نیگەرانیەکانی دوای کۆنگرەی چوار کۆنترۆڵ بکەین و ، ڕێگری لەهەر کێشەیەک بکەین برایەتی و یەکڕیزی کۆمەڵ بخاتە مەترسیەوە ، سوپاس بۆ خودای گەورە و پاشان بەهەوڵی دڵسۆزان و هیمەتی جەنابی م عەلی باپیرو هەستی بەرپرسیاریەتی ئەو برایانەی کەمەترسی ونیگەرانیان هەبوو کێشەکان چارەسەر کران.
بەڕێزان:ئێمە لەگەڵ گۆڕینی ناوی کۆمەڵ و؟ لادانی پاشگری ئیسلامی و !! سڕینەوەی(لا ٳلە إلا اللە)ی سەر ئاڵاکەمان و !! بەرزکردنەوەی دروشمی کرانەوە نەبووین و !! بەهەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی دەبینین!!!
هۆکارو پاساوەکەشی بەناواقعی و لاوازو نادروست دەزانین؟؟؟
هەموو ئەو قسەو باسەش کەئەم بڕیارەی لەسەر بنیاد نراوە، گوایە پاشگرە ئیسلامیەکە بووەتە بەربەست ، ئەگەرنا وا گەورە دەبین و ،خەڵکانێکی(…) لەئاستی باڵا دێنە ناومان و ، حەوت کورسی تر زیاد دەکەین و ، دەبین بەحزبێکی جەماوەری و ، زیاتر فراوان دەبین و زۆر خەیاڵاتی تر ، کەئێمە وێڕای ئەوەی هیچی بەواقعی نازانین و !!! ئەگەر واش بێ ئەو جۆرە فراوان بوونە مایەی دڵخۆشیمان نین و، هاتنە ناوەوەی خەڵکانێک بۆ ئێمە جێگای دڵخۆشین، کەلەدەوری بیروباوەڕەکەمان کۆببنەوە!!! نەک دژایەتی کردنی لایەنێک و بەرگری کردن لەپرسێک خەڵکمان لەدەور کۆکاتەوەو، بەنزیک بونەوەمان لەو لایەنەو چارەسەر کردنی ئەو پرسە ئەو خەڵکانە بەجێمان بێڵن!! ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووش چ لەعێراق بێ یان کوردستان ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ، ئێمە لەوەهم و خیاڵدا دەژین یان ئەوانەی بەتەمای سەرابی عەلمانیەکان براکانی خۆیان لەدەس دەدەن و ئاستی متمانەی خەڵکە دیندارەکەی خۆیان دێننە خوار!!!
بەڕێزان لەکاتێکدا خودای گەورە بەڕون و ڕەوانی پێمان بفەرموێت جولەکەو گاورەکان هەرگیز لێتان ڕازی نابن هەتا شوێنی دین و بەرنامەکەیان نەکەون: (وَلَن تَرْضَىٰ عَنكَ الْيَهُودُ وَلَا النَّصَارَىٰ حَتَّىٰ تَتَّبِعَ مِلَّتَهُمْ ۗ ) چۆن دەبێت ئێمە بەقسەی کۆمیسۆن(لا إله إلا الله) لەئاڵاکەمان دەربێنین؟ و ناوی ئەمیرشیان بەدڵ نەبێ !!سەرۆکی لەجێ دانێین !؟ و ئەمریکی و ئەوروپیەکانیش قەڵس بن بەناوی ئیسلامی بڵێین، مەترسیە لەسەر داهاتومان و ناسنامە ئیسلامیەکەش لەخۆمان داماڵین؟؟ و نەختێ وشک و داخراویشین!! دەبێ زیاتر بکرێینەوە؟و تێکەڵاوی و بەشداری پێ کردنی ئافرەتان زیاتر بکەین!!!
لەمانەش سەیرتر خەڵکانێکمان دڵخۆش و سەرسامن بەگۆڕانکاریەکان و بەبڕیارێکی بوێرانەی لەقەڵەم دەدەن!!!
بڕیاری بوێرانە بریتی نیە لەجوڵە بەئاراستەی هەواو ئارەزوەکانی خەڵک و لێڵ کردن و ونکردنی ئامانج !!!
بڕیاری بوێرانە بەرز ڕاگرتنی بیروباوەڕو شەریعەتەکەمانە، لەگەڵ ڕاوەستان و ڕوبەڕوو بونەوەی هەموو نەخشەو پیلان و بیروباوەڕێکی دژ بە(ئیسلام) ، نەک لاسایی کردنەوەی عەلمانی و دیموکراسی خوازەکان و خۆبەکەم زانین لەئاستیاندا!!
بڕیاری بوێرانە پاککردنەوەی ڕیزەکانی خۆمان و دام ودەزگاکانمانە لەدەستی ئەملاولاو دەوروبەر ، بۆئەوەی بڕیاری دۆستایەتی و دوژمنایەتی هەر (کەس و لایەن و وڵاتێک) سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بیدات، نەک ئەو دەستانە لەڕێگەی ڕاگەیاندن و فەیس بوکەوە پەلکێشمان کەنە ناو شەڕی لابەلاو ستراتیژمان بشێوێنن!!
بەهەرحاڵ ئەم ناوگۆڕین و بەرزکردنەوەی دورشمی کرانەوەیە ، خەونی خەڵکانێکی تر بوو ، بەداخەوە بەبەڕێز م .علی باپیر هێنرایەدی و !! ئەو کرانەوەیەی بەڕێزیان باسی دەکەن ، زۆر جیاوازە لەو کرانەوەی خەڵکانی تر تامەزرۆیین، لەداهاتوشدا جیاوازیەکان ڕوونتر دەبینرێن..
لەکۆتاییدا دەپرسم :ئێمە بۆچی و بەچ نیەتێکەوە دەسمان بەکاری ئیسلامی کردو دواتر کۆمەڵمان دورست کردو هەموو تەمەن و خۆشی خۆمان و ماڵ و منداڵمان کردە قوربانی و ئامادەبوین لەپێناویدا سەد جار بمرین ؟؟؟
بۆ ئەوە بوو ؟؟؟خودا لەخۆمان ڕازی کەین و ، بەخوێنی خۆمان پاسەوانی پاراستنی دین و شەریعەتەکەی بین ؟
یان ئامانجمان ئەوە بوو ؟ کاری سەرەکیمان ببێتە هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ؟؟؟ و هەرچوار ساڵ جارێک هەموو خەڵکە هەژارو ماندووەکەی خۆمان بکەینە خزمەتکارو سواڵکەری کۆکردنەوەی دەنگ و پەیژەی دەست خستنی کۆمەڵە پۆستێکی حکومی و پەرلەمانی بۆ خەڵکانێک کەزۆربەیان شەڕو هەڵپەیان بێت لەسەری بۆ گەشتن بە دونیای خۆیان!!بەبێ ئەوەی هێچ سودو بەرهەمێکی بەرچاوی نەبۆ دین نەبۆ دونیای خەڵکە هەژارەکەمان هەبێت ، لەو پێناوەشدا پەرۆشی خەڵکانێکمان بۆسەرکەوتن لەهەڵبژاردنەکان بگاتە ئاستێک بەچواردەوری حەرام کراوەکانی خودای گەورەدا کەبەدەقەکانی قورئان سونەت ساڵەهای ساڵە بەمەحکەمی قوفڵ کراون بگەڕێین و، هەوڵی شکاندنی سنوری قەدەغەکراوەکان بەحەڵاڵ کردنی هەندێ لەحەرام کراوەکان بەناوی کرانەوەوە بدەین و!!!دواڕۆژی خەڵکەکەشمان بۆ دونیای خۆمان بخەینە مەترسیەوە.