ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و جه‌واد زه‌ریف

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و تاران، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و تەندروستی کۆبوونەوە و نێچیرڤان بارزانیش رایگەیاند، پشتگیرییەکانی ئێران لە روداوە جیاجیاکانی مێژوی گەلی کورد لەبیر ناکەن و دەخوازن پەیوەندییەکانیان پەرەپێبدەن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا باسی لەوەکرد، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا، دواین پێشهاتەکان و پێگەی گرنگی ئێران لە ناوچەکەدا تاوتوێکردوە.


ئەوەشی خستەڕو، هەرێمی کوردستان جەخت لە بەرقەرارکردنی ئاسایشی ناوچەکە و گرتنەبەری گفتوگۆ و پێشخستنی ئاشتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکاتەوە.


لای خۆیەوە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، تاران دەخوازێت پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی، ئابوری، ئەمنی  و بازرگانی لەگەڵ عێراقدا هەبێت و گەشەپێدانی زیاتریش لە رێگەی هەماهەنگی و جوڵەی بازرگانی بێتەکایەوە.

وتیشی، ئێمە پەیوەندی زۆر نزیكمان لەگەڵ خوشك و براكانمان لە هەرێمی كوردستان هەیە، پەیوەندی زۆر نزیكی كەلتوری و خێزانی، لەراستی خۆشەویستی و هاوڕێیانە، وە پەیوەندی باشی ئابوریمان لەگەڵ هەرێم و بەغدا هەیە، ئێمە خۆشحاڵیشین كە كۆرۆنا نەبوەتە هۆی كاریگەری لەسەر ئەو پەیوەندیانە بەتایبەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئێمە هەوڵدەدەین پێكەوە كاربكەین و لە روبەروبونەوەی كۆرۆنا ئەزمونمان بخەینە بەردەم هاوڕێكانمان.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە دەمانەوێت لەبوارەكانی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی پەیوەندییەكانمان فراوان بكەین، دەمانەوێت لە سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئێران پەیوەندییەكانمان فراوان بكەین، هیواداریشم كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتربن و یاد و یادەوەری قاسم سولەیمانی كە رۆڵی گەورەی هەبوە بمێنێتەوە

ھەواڵی زیاتر