چەمچەماڵ.. پەیوەندی بە کڕیارەوە دەکرێت و دواتر گیرفانی دەبڕن


قایمقامیەتی چەمچەماڵ هۆشداریی داوەتە سەرجەم پیشەوەر و کڕیارانی ئاسن و دەڵێت، ئاگاداریان دەکەنەوە کە لە سنووری قەزاکەیان ماوەیەکە بە بیانووی ئاسن و فافۆن لە گوندەکانەوە تەلەفۆن دەکرێت بۆ کڕینی ئاسن، دوای سەردانی شوێنەکەش لەلایەن کەسانی “چەتە و رێگرەوە” هەوڵی لێسەندنی پارە و ئۆتۆمبێلی کڕیارەکە دەدرێت.
 

لە راگەیەنراوی قایمقامیەتی چەمچەماڵدا داوا لە دانیشتووانی سنوورەکە کراوە، لەکاتی هەر رووداوێکی لەو شێوەیەدا لە سنووری هەر ناحیەیەک بوون پەیوەندی بە هێزەکانی ناحیە یان بەڕێوەبەری ناحیەوە بکرێت، یاخود دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەکانی پۆلیسی چەمچەماڵ یان JCC بکەن.

 قایمقامیەتی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ئەو مەبەستە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسانەدان و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

 هەروەها دوو ژمارە مۆبایلی JCC لە راگەیێندراوەکەدا دانراون کە بریتین لە (07705047009 و 07501258214) بۆئەوەی خەڵک لەکاتی هەر رووداوێکی لەو شێوەیەدا پەیوەندییان پێوە بکات. 

ھەواڵی زیاتر