وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوەی (پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر) بۆ دیراساتی مێژوویی و رۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی سلێمانی رادەگەیێنین.
پەیامی دکتۆر ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
لە ناخی دڵمەوە هاوخەمی و ماتەمینی خۆم و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنم بۆ کۆستی گەورەی لەدەستدانی زاناو بیرمەندو مێژونوسی مەزنی گەلەکەمان پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر، لەدەستدانی ئەم زانا گەورەیە خەسارەتێکی گەورەو قەرەبوونەکراوەیە لە زانست و زانياری و عیلم و مەعریفە.
پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر لە ساڵی (١٩٣٧) لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر لەگوندی ئاغجەلەری سەر بە پارێزگای کەرکوک چاوی بەدونیا هەڵهێناوەو ساڵی ( ١٩٥٥) قۆناغی ئامادەیی تەواوکردوەو پاشان لە ساڵی (١٩٥٩) لە کۆلێجی پەروەردەی زانکۆی بەغدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەمێژودا بەدەستهێناوە. لە ساڵی (١٩٦٣) لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوکات بڕوانامەی دکتۆرای پێبەخشراو دواجار لە ساڵی (١٩٦٩) لەهەمان وڵات بڕوانامەی دکتۆرای ناوکی بەدەستهێنا، کە بە بەرزترین بڕوانامەی ئەکادیمی ئەو کاتە ئەژمار دەکرێت.
پرۆفیسۆر د.کەمال مەزھەر لە زانکۆی بەغداو زانکۆی موستەنسەرییەو ئینیستیتیوتی لێکۆڵینەوەکانی عەرەبی کاری ئەکادیمی و توێژینەوەی زانستی و وانەبێژی ئەنجام داوەو ئەندامێکی کارای یەکێتی نوسەرانی کوردو ئینیستیتیوتی کورد بوو لە پاریس، سەرپەرشتی تێزی ماستەر و دکتۆرای دەیان توێژەری بواری مێژوی کردوە.
بەشی ھەرەزۆری تەمەنی خۆی بۆ بەرگریکردن لە مێژوو و ساغکردنەوەی ناسنامەی گەل و نەتەوەکەی تەرخانکردبوو، لەو بوارەدا سەرباری پێشکەشکردنی دەیان کتێبی مێژویی پڕ بایەخ، سەدان لێکۆڵینەوەو وتاری دانسقەی زانستی و ئەکادیمیشی بەخشیوەتە کتێبخانەی کوردی و سەدان دەستنوسی ناوازەو توژینەوەی رەسەن و دۆکیۆمێنتى گرنگی لەناو تەپوتۆزی رۆژگاردا زیندوکردۆتەوەو وەک چەکێکی کاریگەرو گرنگ بۆ بەرگریکردن لەدۆزی ڕەوای گەلەکەی خستوێتيە بەردەم ئاوێنەی حەقیقەتی مێژوو. بەشێکی زۆری ئەو دۆکیومێنتانە بە هەوڵ و ماندوبونێکی زۆر لە وڵاتانی ئاسیاو ئەوروپاو وڵاتانی دیکەوە دەستەبەری دەکردن و دوبارە دەیخستنەوە بەر هەڵسەنگاندن و مەحەکی ئەکادیمی و بە شێواز و میتۆدی زانستی شرۆڤەی ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانی دەکرد بۆ ئەوەی میژووی نەتەوەکەمان لە شێواندن و فەوتاندن بپارێزێت.
هاوکات پرۆفیسۆر د. کەمال مەزهەر توانایەکی لە ڕادەبەدەری لە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ڕووسی و تورکی و ئینگلیزی هەبوە، ئەمەش پاڵپشتی بوە بۆ ئەوەی دەستی بگاتە هەموو ئەو سەرچاوە زانستیانەی کە بەزمانی جیاجیا دەستەبەر بون و توانی لە خزمەتی دیراساتی مێژوی نەتەوەی کورددا بەکاریان بهێنێت. هاوکات توانایەکی ناوازەی لە وەرگێڕان دا هەبوەو گەلێک تێکستی گرنگی بە زمانی عەرەبی و ڕوسی بۆ بەجێهێشتووین.
تێزو تێڕوانینە زانستی و پێشکەوتوخوازەکانی پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر هەمیشە کاریگەری زۆری لەسەر جوڵانەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردستان و گەلانی عێڕاق هەبوەو سەرچاوەی ئیلهامی گەنجانی ئازادیخوازی سەردەمی خۆی بووە.
ئەو بەرهەمە ناوازانەی کە پرۆفیسۆر دکتۆر کەمال مەزهەر وەک سەرچاوەی زانستی ڕەسەن بۆی بەجێهێشتوین، پڕاوپڕن لە زانست و زانیاری دەربارەی مێژووی نەتەوەییمان و ڕەنگدانەوەی قۆڵایی زانستی و ڕەنج و ماندوبونی ئەم مرۆڤە مەزنەن.
لەدەستدانى د.کەمال مەزهەر خەسارەتێکى یەکجار گەورەو زیانێکى لەقەرەبوکردنەوە نەهاتوە، بەڵام تەنها دەتوانین دڵی خۆمان بەوە بدەینەوە کە ئەم زاتە لە ماوەی ژیانی پڕ شکۆی خۆیدا دەیان خوێندکاری بە ئەمەکی بۆدرێژە پێدان بە ڕێگاو ڕێبازە نیشتیمانی نەتەوەیی و زانست دۆستییەکەی پێگەیاندوە کە مەحاڵە بهێڵن ڕێبازەکەی بەبێ ڕێبوار بمینێتەوە.
بە دڵنیاییەوە ئێمە لێرەدا هەرچییەک بنوسین یان هەرچییەک بڵێین دەربارەی ئەم مرۆڤە مەزنە هێشتا دڵۆپێکە لە دەریای زانست و توانا و قوربانیدان و هەڵوێست و بەرهەمەکانی، هەر بۆیە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەخت دەکەینەوە لە پەیام و ئامانجە بەرزەکانی پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر، و بەڵێنی بەردەوامی ڕێبازەکەی و بەرز ڕاگرتنی مەشخەڵ و پەیامە زانستی و نیشتمانیەکانی دەدەین، هەر لێرەشەوە دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوەی (پرۆفیسۆر د.کەمال مەزهەر) بۆ دیراساتی مێژویی و ڕۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی سلێمانی ڕادەگەیەنین، بەو هیوایەی ئەم ناوەندە زانستییە ببێتە وێستگەیەک بۆ درێژەپێدانی ڕێبازە زانستییەکەی و لەم ڕێگەیەوە توێژەران و سکۆڵەرەکانی بواری مێژوی کوردو ڕۆژهەڵاتناسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بتوانن درێژە بە کاروانی زانستیی مامۆستای کۆچکردو بدەن.
دوبارە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی هەمو کەسوکار و هاوڕێیان و دۆستان و مامۆستایان و گۆمەڵگەی ئەکادیمی دەکەین و لەخوای گەورە داوکارین گیانی پاکی مامۆستای کۆچکردومان لە بەھەشتی بەریندا بحەوێنێتەوەو سەبرو ئارامیش بە ماڵبات و کەسوکارو ھەمولایەکمان ببەخشێت.
دکتۆر ئارام محمد قادر
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی