ئەوە بۆ چەندەمین جارە جەماعەتێک قسەیەکی سەر بەرگی گۆڤاری “کل العرب” دەکەن بە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر د.قاسملوو و حیزبی دیموکرات لە پێوەندی لە گەڵ بۆمبارانی کیمیایی هەڵەبجە. من ئەمڕۆ بەم کۆمێنتەوڵامی ئەو چەواشەکارییەم داوەتەوە:
“ئەم قەوانە کە ناو بە ناو هێندێک کەس لێی دەدەنەوە، لە بێ ئاگایی و گەڕان بە دوای ڕاستیدا نیە. مەبەستی سەرەکی ناشیرینکردنی ناوبانگی د.قاسملوو و حیزبی دیموکرات و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتە. ئاشکرایە قسەی سەر بەرگی ئەم گۆڤارە هی د.قاسملوو نیە و گۆڤارەکە بە ئەنقەست و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خوێنەر، ئەم تیترەی داناوە. ئەگینا دەقی وتووێژەکە لە لاپەڕەکانی ناوەوەی ئەم گۆڤارەدا هەیە و ئەم قسەیەی سەربەرگی گۆڤارەکەی تێدانیە. بە پێچەوانەوە د.قاسملوو لە وتووێژەکەدا، دەڵێ هەم عێراق هەم ئێران، چەکی کیمیاوییان بە کار هێناوە. هەر وەها دەڵێ ئێران لە دژی ئێمە(حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) چەکی کیمیایی بە کار هێناوە. ئێوە ئەگەر هەر مەبەستتان بەدناوکردن و بڵاوکردنەوەی بوختان نیە، فەرموون دەقی وتووێژەکە بڵاو بکەنەوە. د.قاسملوو لە وتووێژێک لە گەڵ هەژیر تەیمووریان کە لە ڕادیۆی بی بی سی(بەشی فارسی) بڵاو بۆوە، نەک هەر حاشا لەوە ناکا کە عێراق لە هەڵەبجە چەکی کیمیایی بە کار هێناوە، بەڵکوو بە ڕاشکاوی باسی دەکا. هەر د.قاسملووش بوو کە دەقێکی دابە کۆنگرەی ئەنترناسیۆناڵ بۆ پەسندکردن کە کوشتاری کورد بە هۆی چەکی کوشتاری بە کۆمەڵ مەحکووم بکا.
ئەو دعایەش کە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڵە بۆمبارانی هەڵەبجە تاوانبارە، ئەوەندە بێ بنەما و بێ بەڵگە و قین لەزگانەیە، کە هەر لە درۆکانی بەکرێگیراوانی دەزگای ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەوەشێتەوە.
خۆزگە هێزە کوردییەکانی هەموو بەشەکان لە پێوەندییان لە گەڵ ڕێژیمە دژە کوردەکانی ناوچە، وەک حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە، پەرێزیان خاوێن و سەریان بەرز بوایە. ئێوە ئەگەر هەر نیازتان دوژمنایەتیی قاسملوو و حیزبی دیموکراتە، بڕۆن لە جیاتی ئەم درۆ شاخدارانە، شتی بە بەڵگە بڵاو بکەنەوە، با کەسانی ئاگادار لە ڕووداوەکان، گاڵتەیان بە چەواشەکارییەکانتان نەیە.”
قادر وریا – ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکرات