بەڵێنێک لە حکومەتی ھەرێمەوە بۆ ھەڵەبجەییەکان

پەیامى گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بۆنەى ٣٣ ساڵەی کیمیابارانى شارى هەڵەبجە

ئەمڕۆ ٢٠٢١/٣/١٦، سی و سێ ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و شەهیدکردنى پێنج هەزار کەسى بێتاوان و برینداربوونى هەزاران کەسى دیکە لە لایەن ڕژێمى بەعسى ڕووخاوەوە تێدەپەڕێت کە بەداخەوە تا ئێستاش ئاسەوارى ئەو چەکە یاساغە بەسەر شارەکە و زۆرێک لە هاووڵاتیانەوە ماوەتەوە.

لەم یادەدا سەرەڕاى دروود بۆ گیانى پاکى شەهیدانى هەڵەبجە، خۆمان بە بەرپرس دەزانین لە ئاست خزمەتکردنى هاووڵاتیانى خۆشەویستى ئەو پارێزگایە و لەگەڵ حکومەتى عێراق هەوڵى بەردەوام دەدەین بۆ قەرەبووکردنەوەى کەسوکارى شەهید و برینداران و ساڕێژکردنى زامى ئەو جینۆسایدە گەورەیەى بەسەر گەلەکەماندا هات و هەر ئەم بۆنەیەش دەکەینە هەوێنێک بۆ ئاشتى و ئارامى و پێکەوەژیانى سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان لە کوردستان.

بە خۆشییەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی وەزارەت و پەرەپێدانی پارێزگاکان، ڕەزامەندی لە سەر جێبەجێکردنى چەندین پڕۆژەی گرنگ و نوێ و دابینکردنى بودجەیەکى تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکانى پارێزگای هەڵەبجە دەربڕیوە کە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ زیاتر گەشەسەندن و خزمەتکردنى هاووڵاتیانى خۆشەویستى پارێزگاى هەڵەبجە.

د. جوتیار عادل
گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢١/٣/١٦

ھەواڵی زیاتر