سەرۆک بارزانی بۆ حکومەت: ئەوەی پێویست بێت یارمەتیدەرتان دەبم

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كوتلەی وزاریی پارتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

ڕۆژی شەممە ١٣ـی ٣ـی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

لە كۆبوونەكەدا سەرەتا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان كورتەیەكی لەبارەی كار و بەرنامەكانی حكوومەت و هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی لە بواری كەرتی نەوت و پێشمەرگە و بوارە جیاجیاكانی تر و هەنگاوەكان بۆ زیادكردنی داهاتی حكوومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان خستەڕوو. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە كابینەی حكومەتی هەرێم وەك تیمێكی هەماهەنگ و پتەو و بە بێ جیاوازیی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات و هەوڵی ئەوەش دەدات كە بۆ دابینكردنی داهات و خزمەتكردنی خەڵك پشت بە خۆی و تواناكانی هەرێم ببەستێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كرد و لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهاتەكان لە ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و یەكڕیزیی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم ڕوونكردنەوە و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو. هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی تیمی پارتی لە حكومەت كرد و ڕایگەیاند پێویستە كە هەمووتان خۆتان بە خزمەتكاری گەلی كوردستان بزانن و دەبێ لەناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و خەڵكی هەژاری وڵاتدا بن و هەموو هەوڵەكان لە دەوری ئەوەدا چڕ ببێتەوە كە دەسەڵات بە دروستی و بۆ خزمەتی جەماوەر بە كار بهێندرێن. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا كە ڕێبازی بارزانی ڕێبازی خزمەتكردنی خەڵكە و پێویستە خەڵكی كوردستان كەرامەتی خۆی لە لە حكوومەتەكەی خۆیدا ببیننەوە.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە و داوای كرد كە حكوومەت بە پێداگری و هێزەوە لەسەر پڕۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت و ئامادەیی خۆشی ڕاگەیاند كە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی ئەوەی پێویست بێت یارمەتیدەری حكوومەتی هەرێم دەبێت.

ھەواڵی زیاتر