کۆمیتەی دیالۆگی نێوخۆیی هەواڵێکی دڵخۆشکەر ڕادەگەیەنێت

ڕاگەیاندنێک بۆ گەلی کوردستان

کوردستانیانی خۆشەویست

لای هەمووان ئاشکرایە کە وڵات و گەلی کوردستان بە قۆناغێکی پڕ لە مەترسیی و ئاڵۆزدا تێدەپەڕن، دوژمنانی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ پلانی ترسناکتر دادەڕێژن بۆ لەنێوبردنی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە بزاڤی رزگاریخوازی گەلەکەمان لە نیو سەدەی رابردوودا بەدەستی هێناون، مخابن ئاڵۆزی و ناکۆکی سیاسی لە نێوان پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستاندا بارودۆخەکەی ئەوەندەی تر مەترسیدارتر و ناسەقامگیر کردووە، بەمەش پێگەی کوردی لاوازکردووە و زیانی گەورەی گەیاندووە بە تواناکانی بەرگریی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانانە.

ئەم بارودۆخە لە لایەکەوە و دڵەڕاوکێ سەبارەت داهاتووی نادیاری کوردستان لەلایەکی ترەوە، بوونەتە هۆی ئەوەی جۆرێک لە بێ هێوایی باڵ بکێشێت بەسەر بەشێکی گەورەی خەڵکدا لە هەموو بەشەکانی کوردستان، هەڵبەتە لە بەرامبەردا رووحی بەرگریی و درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناوی مافە رەواکانی گەلی کوردستاندا، لە ئاستێکی باڵادایە و خەڵک دەستبەرداری خەون و هیواکانیان نابن بە دواڕۆژێکی ئازاد و ژیانێکی شەرافەتمەند.

لەم بارودۆخە هەستیارەدا “کۆمیتەی دیاڵۆگی نێوخۆیی”، کە لە ئەنجامێکی کۆنفرانسی نەتەوەییدا هاتە کایەوە، هەندێ هەنگاوی ناوە بۆ رەخساندنی کەش و هەوای دیاڵۆگێکی نێوخۆیی نێشتمانی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا. ئەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم هەوڵانە هیوا بەخشن، هەرچەندە ئاڵۆزییەکان سەختن و دابڕانەکان کێشەی قووڵیان دروستکردووە، ئەمەش وا دەکات پرۆسەکە دوور و درێژ بێت و هەوڵ و تەقەڵاکان بێوچانبن و پشتیوانی هەموو لایەکیان دەوێ، بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجێکی ئەرێنی.

 ئەنجامی کۆتایی ئەم هەوڵانە دەبێ نەک هەر نەهێشتنی ئاڵۆزی و ناکۆکی لە نێوان ئەم هێزانەدا بێنێتە دی، بەڵکو بتوانن پێکەوە هەڵبکەن، یەکدی قەبووڵ بکەن و ڕێز لە جیاوازییەکان بگرن. بەمەش دەتوانن متمانە لە نێوان خۆیاندا بونیاد بنێن و زیان بە یەکدی نەگەیەنن و بەرژەوەندی یەکتر لە بەرچاو بگرن. لەو بارەدا دەکرێ لە بری ترس و نیگەرانی لە بەیەکدادان و ئاڵۆزی، بیر لە جۆرێک لە هەماهەنگی و دەستنیشان کردنی هێڵی سوورە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بکەنەوە و دۆستانی و دوژمنانی گەلەکەمان و مافەکانی بە دروستی دەستنیشان بکەن.

گەلی ستەمدیدەی کوردستانی،

ئەم هەوڵانە بێ پشتگیری ئێوە ناگەنە ئەمانج و ئەنجامە ئەرێنییەکان، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک، هەر کەس لە لای

خۆیەوە بە گوتار و هەڵس و کەوتی ڕۆژانەی ئەم هەوڵە دڵسۆزانە سەربخەن. با هەموو پێکەوە کەش و هەوای ئاشتی بئافرێنین،

ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان پەرەپێبدەین، لە دژی چاندنی تۆوی ڕق و کینە بوەستینەوە، با ڕێگە نەدەین ئاڵۆزی و ناکۆکی

سیاسی نێوان پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان ببنە هۆی لە دەستدانی دەسکەوتەکانی گەلەکەمان، کە بە قوربانی و فیداکاری

زۆر گەورە بە دەستی هێناون.

لەم ڕۆژانەدا گەلی کوردستان پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەکات، جەژنی هیوا، ئاشتی و هەڵهاتنی خۆری ئازادی، هیوادارین

پارتە سیاسییەکانی کوردستان ئەم چەژنە بکەنە دەرفەتێک بۆ بنیاتنانی کەش و هەوای دیاڵۆگێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و بە

هەنگاوی کردەیی لەم بوارەدا، دڵی گەلی کوردستان خۆش بکەن و ساڵی داهاتووی کوردی بکەن بە ساڵی ئاشتی و پێکەوە

ژیان و خەبات لە پێناوی مافە ڕەواکانی گەلی چەوساوەی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر