وێنە.. بەهۆی ئەوەی رێگری لێکردن، مەسرور بارزانی چوار پۆلیس خەڵات دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئاداری 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە چوار کارمەندی پۆلیسی هەولێر.
سەرۆکوەزیران لە گوتەیەکدا دەستخۆشیی لەو کارمەندانە کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لەپێناو خزمەتکردنی کوردستان، ئاماژەی بەوەش دا “تاوەکو خاوەنی کەسانی دڵسۆزی وەکو ئێوە بین، کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە”. مەسرور بارزانی، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی راسپارد بە “پێدانی پێشخستن بەو کارمەندانە”.

مەسرور بارزانی دەڵێت، “ویستم سەردانی شوێنێکی حکومی بکەم کە لەلایەن ئەم بەڕێزانەوە پاسەوانیی لێ دەکرا. من ئۆتۆمبێلێکی تریشم لەگەڵ بوو. بەبێ ئەوەی ئەوان بزانن ئێمە کێین، ویستمان سەردانی ئەو شوێنە بکەین. ئەم بەڕێزانە رێگەیان لێ گرتین و گوتیان بەپێی رێنماییەکان، چوونە ژوورەوە رێگەپێدراو نییە”.

دەقی وتەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

“زۆر بەخێر بێن بەڕێزان،
ئەمڕۆ هۆکاری کۆبوونەوەمان لێرە بۆ ئەوەیە پێتان بڵێم: ڕۆژی هەینی ڕابردوو ، ویستم سەردانی شوێنێکی حکومی بکەم کە لە لایەن ئەم بەڕێزانەوە پاسەوانیی لێ دەکرا. من ئوتومبێلێکی تریشم لە گەڵ بوو . بە بێ ئەوەی ئەوان بزانن ئێمە کێین، ویستمان سەردانی ئەو شوێنە بکەین . ئەم بەڕێزانە ڕێگەیان لێ گرتین و گوتیان بە پێی ڕێنماییەکان، چوونە ژوورەوە ڕێگەپێدراو نییە. هەرچەندە ئەو برادەرانەی لە گەڵم بوون ، خۆیان ناساند و ناسنامەی خۆشیان پێشاندان، بەڵام ئەوان گوتیان ئێمە بەرپرسی خۆمان هەیە و پێویستە پرس بە بەرپرسەکەمان بکەین بۆ ئەوەی بزانین مۆڵەتتان پێ دەدرێت بچنە ژوورەوە یان نا. ئێمە نزیکەی دە خولەک تا چارەکێک چاوەڕوان بووین، تاکو دواتر ئێمەیان ناسی و ڕێگەیان پێداین سەردانی ئەم شوێنە بکەین.

بۆیە من ئەمڕۆ ویستم بانگی ئەم بەڕێزانە بکەم، بۆ ئەوەی دەستخۆشیان لێ بکەم و سوپاسیان بکەم بۆ دڵسۆزیان بەرامبەر بەو ئەرکەی لە سەرشانیانە . تاکو ئێمەش خاوەنی دڵسۆزی وەکو ئێوە بین، کوردستان لە دەستێکی ئەمین دایە. شانازیتان پێوە دەکەم بەوەی ئەرکی خۆتان جێبەجێ کردووە و تاکو دڵنیانەبوون لەوەی ڕێنماییەکان لە بەرچاوگیراون وەک ئەوەی بەرپرسەکانتان پێیگوتوون. ڕێگەتان بە ئێمە نەدا. بۆیە ئەمڕۆ بۆنیشاندانی سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئێوە، لە خزمەتی ئێوەدام بۆ ئەوەی سوپاستان بکەم و خەڵاتیشتان بکەم . دەستخۆشیان لێ دەکەم و شانازیتان پێوە دەکەم. زۆر زۆر سوپاس بۆ ماندووبوون و دڵسۆزیتان”.

ھەواڵی زیاتر