راگەیەنراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان پەسەند دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/10 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە کوردستانییان کرد بە بۆنەی رۆژی جلی نەتەوەیی کە چەند ساڵێکە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی 10ی ئادار، بە رێورەسمی جیاواز، رێز لە جلی نەتەوەیی خۆیان دەگرن.
سەرۆکوەزیران، ئاماژەی بە سەردانی قەداسەتی پاپا کرد و بە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی ناوبرد و گوتی، ئەم سەردانە دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، مەڵبەندێکی گرنگیی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەیە لە ناوچەکەدا.
دەستخۆشیشی لە رێکخەران و دەزگا پەیوندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی هێزە ئەمنییەکان کرد، بۆ سەرخستنی سەردانەکە کە سەرکەوتووانە لە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو.
پاشان هەر یەک لە پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، راپۆرتێکیان دەربارەی سەردانی قەداسەتی پاپا و گرنگیی سەردانەکە و دەرئەنجامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان خستە روو.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دوا رەشنووسی پڕۆژەی پێدانی مۆڵەتی خوێندنی لە هەرێمی کوردستان خستە روو. دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند تێبینی و هەموارکردنێک، پڕۆژەکە پەسەند کرا.

ھەواڵی زیاتر