اپا فرانسیس گەورەترین سەرکردەی کاسۆلیکەکانی جیهانە و زیاتر لە ملیارێک کەس لە جیهاندا پەیڕەوی لە رێنماییەکانی پاپا دەکەن، ئەویش لە بەرامبەردا بەردەوام سەردانی وڵاتەکان دەکات و پەیڕەوانی ئایینەکەی بەسەر دەکاتەوە.
پاراستنی کەسایەتییەکی بەنێوبانگی وەکو پاپا فرانسیس پێویستی بە هێزێکی تایبەتی راهێنراو هەیە، ئەوە جگە لەوەی لە گەشتەکانیدا هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە دەیپارێزن، بەڵام هێزە تایبەتەکەی هەر لەگەڵدا دەبێت، چونکە ئەوان باشتر دەزانن کە پاپا چۆن هەڵسوکەوت دەکات. بڕیارە 05-03-2021 پاپا فرانسیس سەردانی عێراق بکات و لە گەشتەکەیدا لەلایەن هێزی ئاڵتونیی عێراقییەوە پارێزگاری لێدەکرێت کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە راهێنانیان پێکراوە.
ئەو هێزە پێشکەوتووترین چەکەکانی عێراق بەکاردەهێنن، لەکاتی پێویستیشدا لەگەڵ هێزی ئاسمانیی عێراق هاوئاهەنگی دەکەن و دەتوانن لە ئاسمانیشەوە چاودێریی دۆخەکە بکەن.
ئەو چەکانەی کە هێزی ئاڵتونی بەکاریدەهێنن لە جۆری M4A1 ناسراو بە ئێم 4 ، AK-47 ناسراو بە کڵاشینکۆف و M16A2 ناسراو بە ئێم 16، PKM و M249. دەمانچەکانیش گڵۆک، تاریق و چەند جۆرێکی دیکەن.
نیشانشکێنەکانی هێزی ئاڵتونی لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکان لە دوورەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەن و چەند جۆرێک نیشانشکێنیان هەیە وەکو: M24، Mk 14، Steyr HS و HSRـن.
جگە لە هێزە عێراقییەکان، پاپا فرانسیس هێزێکی تایبەتی لەگەڵدایە کە بە بچووکترین سوپای جیهان ناسراوە و ژمارەیان لەنێوان 110 بۆ 125 کەسن.
سوپای پاسەوانی سویسرا
سوپای سویسرا نزیکەی 500 ساڵ پێش ئێستا دامەزراوە و بەردەوام ئەرکی پاراستنی پاپا یەک لە دوای یەکەکانیان لە ئەستۆ گرتووە. ئەندامانی سوپاکە تەمەنیان لەنێوان 19 بۆ 30 ساڵانە و باڵایان بەلای کەمەوە 174 سانتیمەترە، یەکێک لە داواکارییەکان بۆ دامەزراندن لەو سوپایە ئەوەیە کە دەبێت کەسەکە لە سوپای سویسرا خزمەتی کردبێت و رەفتارێکی پەسنکراو و باشی هەبێت، هەروەها دەبێت کەسەکە کریستیانێکی کاسۆلیک بێت و لەکاتی دامەزراندنی ژن و منداڵی نەبێت.
ئەگەرچی کاتێک سەیری جلوبەرگ و چەکەکانی دەستی سوپاکە دەکەیت هێزە مێژووییەکانت بە بیر دەهێنێتەوە کە رم و شمشێریان بەدەستەوەیە، ئەو رم و شمشێرانە بۆ جوانکاری نین و هەموو پاسەوانەکان راهێنان بۆ بەکارهێنانی ئەو چەکانە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا راهێنان لەسەر چەکە پێشکەوتووەکانی وەکو Sig SG552 و M-16 و دەمانچەی Sig P220 دەکەن.
سوپای ڤاتیکان چوار ئەرکی سەرەکی هەیە کە بریتین لە: پاراستنی دەروازەکانی دەوڵەت-شاری ڤاتیکان، پاسەوانیکردنی پاپای ڤاتیکان لە گەشتەکانی دەرەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تایبەت بە ئاسایش و پرۆتۆکۆلی تەشریفاتی و پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پاپای نوێ. جگە لەو سوپایە پۆلیسی وڵاتەکەش لە کاتی چوونە دەرەوەی پاپا ئاگاداری دۆخەکە دەبن و یارمەتی سوپای سویسرا دەدەن، بەڵام ئەوەی کە ئەرکی سوپاکە قورس دەکات، لاوازیی ئاستی پارێزراوی ئۆتۆمبێلەکانی پاپا فرانسیسە.
ئۆتۆمبێلەکانی پاپا فرانسیس
پاپا فرانسیس کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی هەیە و حەز دەکات لە نزیکەوە پەیڕەوانی ئایینەکەی ببینێت و دەستیان بگرێت، لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی باسی لەوە کردووە کە نایەوێت لەسەر ئۆتۆمبێلەکەی ژوورێکی دژەگوللـەی بە شووشە بۆ دروستبکەن، چونکە ئەو دەیەوێت لە نزیکەوە و بەبێ هیچ بەربەستێک هەست بە پەیڕەوانی بکات.
یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی بەکاریدەهێنێت هیوندایە لە جۆری سانتافە کە رووکاری پێشەوە ئۆتۆمبێلەکە شووشەیەکی دژەگوللـەی هەیە، بەڵام لە لاکانەوە کراوەیە و پاپا دەتوانێت لەو شوێنەوە قسە لەگەڵ خەڵک بکات و گوێیان لێبگرێت. یەکێکی دیکە لە ئۆتۆمبێلەکانی پاپا فرانسیس لە جۆری جیپنییە کە وەکو پاسە، پاپا ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گەشتێکی بۆ فیلیپین بەکارهێنا، چونکە جیپنی لەو وڵاتە زۆر بەکاردەهێنرێت و پاپا دەیویست لەو رێگەیەوە زیاتر هەستی نزیکبوونەوە لە خەڵکی فیلیپین دروستبکات.
کەسێکی نزیک لە پاپا فرانسیس دەیگێڕێتەوە کە جارێکیان پێی گوتووە، “ئۆتۆمبێل بۆ زۆر کار پێویستە، بەڵام تکایە ئۆتۆمبێلێکی سادەم بۆ هەڵبژێرن”. ئەو ئۆتۆمبێلەی پاپا لەنێو ڤاتیکان بەکاریدەهێنێت رینۆیەکی مۆدێل 1984ـە و زۆرجار خۆی لێدەخوڕێت.
ئەو هەڵوێستەی پاپا جۆن کاریگەرییەکی ئەوتۆی کردە سەر محەممەد کە دوای ئازادبوونیشی بەردەوام پەیوەندیی لەگەڵ پاپا مایەوە و لە ساڵی 2014 بە تاجەگوڵینەیەکەوە سەردانی ئارامگەی پاپای کرد.
سەردانی پاپا بۆ عێراق
بڕیارە 05-03-2021 پاپا فرانسیس سەردانی عێراق و دواتر هەرێمی کوردستان بکات، پاپا فرانسیس لەبارەی سەردانەکەی دەڵێت: ساڵی 2000 جۆن پاوڵ، پاپای ئەو کات نەیدەتوانی سەردانی عێراق بکات، “ناکرێت جارێکی دیکە خەڵکی عێراق بێئومێد بکرێن”.
بڕیارە پاپا فرانسیس سەردانی ئوور بکات کە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیمە کە بە باوکی ئایینە ئاسمانییەکان دادەنرێت، هەروەها سەردانی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق دەکات، پاپا فرانسیس لەو بارەوە دەڵێت: “لە زەویی ئیبراهیمدا، پێکەوە لەگەڵ رێبەرانی دیکەی ئایینی بەرەو ئامانجی هاوبەش هەنگاو دەنێین”.
پێش سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، زۆربەی ئەو شار و ناوچانەی كە بڕیارە پاپای ڤاتیكان سەردانیان بكات رازێندراونەتەوە و لەڕووی ئەمنییەوە رێکاری تایبەت گیراونەتەبەر. شەقام و كەنیسەكان شۆردراون، ئاڵای ڤاتیكان بە ستوون و دیوارەكانەوە هەڵواسراوە.
رۆژی هەینی 5ـی ئادار پاپای ڤاتیكان دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشوازی لێدەكرێت، دواتر بەرەو كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق بەڕێدەكەوێت و لەگەڵ سەرۆككۆمار كۆدەبێتەوە، پاشان دەچێتە كەنیسەی “سەیدە نەجات”ی سریانی كاسۆلیك لە بەغدا. رۆژی شەممە بەرەو پارێزگای نەجەف بەڕێدەكەوێت و لەوێ چاوی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی دەكەوێت. پاشان بەرەو شاری ئور بەڕێدەكەوێت.
رۆژی یەكشەممەش، بەرەو هەولێر بەڕێدەكەوێت و لە فڕۆكەخانە لەلایەن بەرپرسانی حكومی و ئایینی پێشوازی لێدەكرێت، هەر ئەو رۆژە دەچێتە موسڵ و نوێژ بۆ قوربانیانی شەڕ دەكات. دوای ئەوە دەچێتە كەنیسەی “تاهرە”ی گەورە لە قەرەقوش. هەر یەكشەممە دەگەڕێتەوە هەولێر و ئاهەنگی عەسری یەكشەممەی كریستیان لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەگێڕێت.
رۆژی دووشەممە دەگەڕێتەوە فڕۆكەخانەی بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوایی كردنی بەڕێوەدەچێت.
رووداو