پەرلەمان: دەبێ ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە كەیسی رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی ئاشكرا بكرێ

دوو لێژنەی پەرلەمانی كوردستان داوای ئاشكراكردنی ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە كەیسی ڕادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی دەكەن و ئاشكرای دەكەن كە ئەو كەسە پەنای بۆ هەرێمی كوردستان هێنابوو، بەڵام هەندێك كەسی دیاریكراو ڕادەستی ئێرانیان كردەوە و لەسێدارە درا.

لێژنەكانی ناوخۆ و مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، داوا دەكەن ئەو لێژنەیەی پێكهێندرا بۆ كەیسی رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران، دەرئەنجامی بەدواداچوونەكانی رابگەیەنێت.

داواكاریی هەردوو لێژنەكە ئاراستەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و جەخت كراوەتەوە كە دەبێت ئەو لێژنەیەی بۆ لێكۆڵینەوە لەم كەیسە پێكیهێنابوو، دەرئەنجامەكانی رابگەیەنێت.

جەختیش كرایەوە ”ئێمە ئەو یاداشتەمان بە فەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردوە، چاوەڕێ دەبین لە ماوەیەكی دیاریكراودا وەڵاممان بدرێتەوە، ئەگینا راستییەكە بۆ رای گشتی دەبێت ئاشكرا ببێت. ئەو كەسە پەنای بۆ كوردستان هێنابوو بۆ ئەوەبوو ژیانی پارێزراو بێت، بەڵام لە لایەن هەندێك كەسی دیاریكراوەوە رادەستی ئێران كرایەوە و ئەنجامەكەش ئەوەبوو كە بینیمان“.

پێشتر چەندان سەرچاوە جەختیان لەوە كردۆتەوە كە مستەفا سەلیمی لە سەرەتای مانگی نیسانی ٢٠٢٠ هاتۆتە هەرێمی كوردستانەوە، لە لایەن تاقمی خۆفرۆشی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە ڕادەستی ئێران كراوەتەوە و دواتر لەسێدارە دراوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەپێی دەستووری عێراق و بنەما و ڕێساكانی مافی مرۆڤ، نابێت هیچ كەسێك كە بە هۆكارێكی سیاسی پەنای بۆ وڵاتێك بردوە و هەڕەشە لەسەر ژیانی هەیە، ڕادەست بكرێتەوە.

ھەواڵی زیاتر