شەقامی ١٥٠مەتری هەولێر دەکرێتەوە
پڕۆژەی شەقامی ۱٥۰مەتریی خێرای هەولێر، كە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپ و بە چاودێریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت، لە ئێستادا ۱۰كیلۆمەتری تەواو بووە و سبەینێ لە ڕێوڕەسمێكدا دەكرێتەوە.
سەرپەشتیاری پڕۆژەی شەقامی ۱٥۰مەتریی بازنەیی خێرا، ئەندازیار كەیفی فارس، ڕاگەیاند: “شەقامی ۱٥۰مەتریی بازنەیی خێرا، سبەی ۲٥ـی ۲ـی ۲۰۲۱پێش ئەو وادەیەی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە دانرابوو، دەكرێتەوە، كە درێژیی شەقامی ۱٥۰مەتری، ۷۰كیلۆمەترە و لە ئێستادا بە درێژایی ۱۰كیلۆمەتری تەواو كراوە، شەقامەكەش لە گشت ئاڕاستەكاندا هاتوچۆی پێدا دەكرێت، هەروەها لە لای بەحركەش بە هەمان شێوە بەرزەپردی ئاڕاستەگۆڕی تێدایە، بە درێژایی ئەم ۱۰كیلۆمەترەش سێ بەرزەپردی پەڕینەوەی بۆ دروست كراوە”.
ئەو ئەندازیارە گوتیشی: “شەقامەكه پانییەكەی ۱۹مەتر و نیوە، هەروەها چوار لێنە و لە هەرلێنێك ۳مەتر و ۷٥سانتیمەترە، ۳مەتریش لێنێكی ئیمێرجێنسییە، لە هەرلایەكی شەقامە سەرەكییەكە دوو شەقامی خزمەتگوزاری هەیە بە پانیی ٨مەتر كە لە هەرلایەكی چوون و هاتنە، كە دوو شەقام بەلای بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆدایە و دووانی تریش بە لای گەنجان ستیدایە، كە دەكاتە ٦ شەقام لە ڕیزێك.”
فارس دەشڵێ: “قۆناغەكانی ڕووناكی و جوانكاری لە شەقامەكە هەمووی تەواو بووە و جێبەجێ كراوە، ڕۆژی دەستبەكاربوونی پڕۆژەكەش ۱۷ـی ۹ـی ۲۰۱٨ بوو، كە ماوەی پڕۆژەكە ۱۲٥۰ڕۆژی بۆ دانرابوو، بەپێی گرێبەستەكە وا دانرابوو لە ۲۲ـی ۲ـی ۲۰۲۲بەشێكی پڕۆژەكە تەواو بكرێت، بەڵام زووتر لە وادەی خۆی ئەنجام دراوە، كە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپەوە بە شێوەی قەرز پڕۆژەكە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كراوە.”
شەقامی ۱٥۰مەتری، كە دەبێتە پێنجهمین شەقامی بازنەیی بە دەوری هەولێردا، شەقامێكی خێرایە و ناحیەكانی بنەسڵاوە، كەسنەزان، دارەتوو، بەحركە، مەلائۆمەر و ڕێگای گوێڕ و قۆڕیتان و سەركارێز بەیەكەوە دەبەستێتەوە و، بەپێی خێرایی شەقامەكەش، دووریی ئەمسەر و ئەوسەری شار تەنها چەند خولەكێكە و ئەمەش ئاسانكارییەكی تەواوە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان.
ھەواڵی ڕابردوو
د.بەشیر حەداد: هێشتا پرۆژە یاسای بودجە نەگەیشتووەتە پەرلەمان
ھەواڵی داھاتوو
پێشمەرگە داوا لە ئەمریکا دەکات مووچەی هەموو وەزارەتەکەی بدات
ھەواڵی زیاتر