شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەکرێت

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی دووملیۆن مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندکار گەڕاونەتەوە ناوەندەکانی خوێندن، بۆیە تۆمارکردنی حاڵەتی تووشبوون بەکۆڕۆنا هەیە، بەڵام زۆر کەمە، جەختیش دەکاتەوە هەفتەی ئایندە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەکرێت.
د.ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئێمە بەپشت بەستن بەهەڵسەنگاندنی تەندروستی دەرگای قوتابخانەکانمان کردۆتەوە، بەڵام بەم مانایە نا کەوا ڤایرۆسەکە نەماوە یان خەمسارد بین، بەڵکو جەخت لە بەکارهێنانی دەمامک و پاککرەوە و تێستی گەرمی پێو دەکەینەوە بۆ خوێندکاران و مامۆستا و فەرمانبەران لەکاتی پێویست.
دەشڵێت، ڕۆژانە لەکوردستان حاڵەتی تووشبوون تۆمار دەکرێت ناوەندەکانی خوێندن بەدەر نابن، بۆیە داوا دەکەم میدیاکان زەمینەسازیەکی وەها نەکات بۆ ئەوەی ئێمە دەستماو بەپڕۆسەی خوێندن کردۆتەوە قوتابخانەیەک بەئامانج بگیرێت یان ژمارەیەک خوێندکار تووشی ڤایرۆسەکە بوون، ئێمە تەمەننای ئەوە دەکەین هیچ حاڵەتێکی تووشبوون نەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناو کۆمەڵگا هەیە تووشبوون واردە، حاڵەتیش تۆمارکراوە بەڵام زۆر کەمە، چونکە ئێمە خاوەنی ملیۆنێک و ٧١٥هەزار خوێندکار لەکەرتی حکومی و زیاتر لە ١٠٠ هەزار خوێندکار لە قوتابخانەی ناحکومی هەن لەگەڵ ١٣٠ هەزار مامۆستای میلاک و ٣٠ هەزار فەرمانبەر و وانەبێژ دەبێت ڕەچاوی خۆپارێزی بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، داوا دەکەم بەوریایی مامەڵە بکەن، داواشمان کردوە لەشارەکان چەند بنکەیەک بۆ پشکنینی مامۆستا و خوێندکاران بکرێت بەخۆڕایی.
وتیشی، شایستەیەکی دارایی بڕاوەیان بۆ دابین کراوە، سەرۆکی حکومەتیش ڕەزامەندی داوە و ڕەزامەندی وەزارەتی دارییش وەرگیراوە و هەفتەی ئایندە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ خەرج دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر