مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – بنکەی پۆلیسی سەیوان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لەکچێک کردبوو ئەگەر بڕێک پارەی پێنەدا.
پاش ئەوەی کچێک سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمەتبارێک تۆمار کرد بەناوی (م، ز، ح لەدایکبووی ١٩٧٥) کە ھەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لێکردبوو ئەگەر بڕێک پارەی پێنەدا، پێشتریش بەھەمان ھۆکار بڕی پێنج ملیۆن دیناری لێسەندبوو، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو زانیاری پێویستیان لەسەر تۆمەتبارەکە کۆکردەوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیوانەوە دەستگیر بکرێت.
لەکاتی لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبارەکە دانی بەتاوانەکەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەو بەپێی ماددەی (٢) لەیاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان