ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگویەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.
ئەوەشی ڕاگەیاند، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەی هەر هاوکارییەکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بگەنە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و درێژخایەن لە سەر بنەمای دەستوور.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندبوونەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بە ئاراستەی گەیشن بە ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
میکانیزمەکانی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ، گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون .