رۆژنامەی فەرمیی عێراق لە مانشێتی سەرەكیی خۆیدا ئاشكرای كرد كە لە سلێمانییەوە هەوڵێك هەیە تاوەكوو لە ڕێگەی جێگیركردنی ماددەیەك لە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق، سلێمانی راستەوخۆ بە بەغداوە ببەستنەوە.
ڕۆژنامەی (سەباح)ی سەر بە حكوومەتی عێراق كە لە زاری رێكەوت زەكی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە گواستوویەتیەوە، ئەگەر هەرێمی كوردستان و بەغدا نەیانتوانی بگەنە ڕێككەوتن لەبارەی دۆسیەی نەوت، نوێنەرانیان هەوڵدەدەن ماددەیەك لە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق جێگیر بكەن كە ڕێگە بە مامەڵەكردنی ڕاستەوخۆی سلێمانی لەگەڵ بەغدا بدات، چونكە بەهۆی نەبوونی دەقی یاسایی و نادەستوورییەوە لە ڕابردوودا نەتواندراوە ئەم جۆرە مامەڵەیە لەگەڵ بەغدا بكرێت.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئەوان تائێستا دەتوانن داهاتەكانیان رادەستی بەغدا بكەنەوە لە كاتێكدا بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تائێستا داهاتەكانی سلێمانی بە شێوەیەكی تەواوەتی رادەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناكرێت.