کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆران ویستیان سەردانی گۆڕی نەوشیروان مستەفا بکەن و لەوێوە پەیامێک ئاراستەی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەکەیان بکەن، بەڵام ڕێگەی چوونە ژوورەوەیان پێنادرێت و لە دەرەوەی گردەکە ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکەنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەناوی خوای گەورە ومیهرەبان
ڕاگەیەنراوێک بۆ ڕای گشتی و سەرجەم گۆڕانخوازان
ئێمە وەک بەشێک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان کە لەسەرەتای دروستبونی ئەم بزوتنەوەیەوە زۆر دڵسۆزانە و خۆنەویستانە بە ڕۆحیەتی قوربانیدان و گیانفیدایی تێکۆشاین وبەڵێنماندا ئەم بزوتنەوەیە بگەیەنینە ئامانجەکانی و پێشمەرگە ئاسا لەپێناویدا جەنگاین و قوربانی زۆرماندا و دانەبڕاین ، لە ناخۆشترین و سەختترین کاتەکاندا ئێمە بوینە قەڵغان بۆ پاراستنی و هیچ کات بیرمان لەبەرژەوەندی خۆمان نەکردۆتەوە و سەلامەتی گیان و ژیانمان هیچ کات لەبەرچاو نەگرتووە وە ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیەک بوین، یار و نەیاریش شاهیدی ئەو ڕاستیەن، ئێمە هەر ئەو هەڵسوڕاوانەین کە ڕەوانشاد بە داینەمۆی بزوتنەوەکە دەیناساندین، هەمیشە ئێمە بزوتنەوەی گۆڕانمان وەک ماڵی دووەمی خۆمان تەماشا کردووە وە گەورەترین و سەخترین ئەرکیش لەسەر شانی ئێمە بووە ، باجی گۆڕان بونیشماندا و پەشیمانیش نین. کە دڵنیاین ئەمە هەڵوێستی سەرجەم گەنجان و هەڵسوڕاوانی ماندووی بزوتنەوەکە بووە.
زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ غەمێکی گشتی کۆی کردوینەتەوە، ئەویش بریتییە لەو مەترسیە گەورەیە کە لە دوای کۆچی دوایی سەرکردەی خاکی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەسەر بزوتنەوەکە و کۆی پرۆسەی سیاسی دروست بووە، بەهۆی هەڵەی بەشێک لە بڕیار بەدەستانی بزوتنەوەکە و نەیانتوانی ئەو ئەمانەتە گەورەیە بپارێزن کە نیو ملیۆن مرۆڤی ئەم نیشتمانە لە پێناویدا جەنگاو متمانەیان پێ بەخشی . هێدی هێدی ئێمە وەختە گۆڕان نەناسینەوە. لەسەرکردایەتی کردنی دەنگی ناڕازی شەقام و لە پاڵشتیکردنی هەژاران و زوڵم لێکراوانەوە بۆ هاوڕێیەتی ئەو نابەرپرسانەی کە دەیان ساڵە ئێمە بە دز و چەتەو مافیا و بکوژ دەیاناسێنین، ئێستا سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بە گشت جۆرێک وازیان لە خەونی گۆڕانکاری هێناوەوە بونەتە پارێزەر و پاشکۆی دەسەڵاتی بنەماڵە.
هەر بۆیە ئێمە دەمانەوێ گشت لایەک بە ئاگابهێنین کە لە دوای کۆچی دوایی ڕەوانشاد، بزوتنەوەی گۆڕان کەوتۆتە دەستێکی نا ئەمین وە ئەجێندای یەکێتی و پارتیان جێبەجێکردووە گەورەترین ناپاکییان لە خودی ڕەوانشاد و هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەکە کردووە و بونەتە هۆی بێ ئومێدی و بێمتمانەی خەڵک بە گۆڕان و تەنانەت خودی کاک نەوشیروانیش. ئەو بەڕێزانە بە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتەی ئێستایان سەلماندویانە کە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ بیر و ڕێبازی نەوشیروان مستەفا نەبوون و کاریان بەو پرەنسیپانە نەکردووە کە ئێمە لە پێناویدا تێکۆشاین وماندوبووین وە ئەوان لە هزری گۆڕانکاری بێبەری دەکەین و تەنها خۆیان بەرپرسن لە داڕشتنی سیاسەتی ئەم چوار ساڵەی بزوتنەوەکە.
هەربۆیە ئێمە دڵنیایی دەدەینە هەموو هەڵسوڕاوانی دڵسۆز و دەنگدەرانی بزوتنەوەکەمان کە بەردەوام دەبین لە کار و خەباتی خۆمان لەژێر دروشمی (وازناهینین ، وازتان پێدێنین) بۆ گێڕانەوەی بزوتنەوەکە بۆ سەر هەمان ئەو بنەمایانەی کەلەپێناویدا دروستبوو ، ئەویش بریتی بوو لەیەکسانی و داپەروەری و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین . کە لە دوای کۆچی کاک نەوشیروان وەک چۆن پرۆسەی سیاسی کەوتۆتە بۆشاییەکی گەورەوە و وە گشت ئەو بنەمایانەی کە باسمان کرد کەوتۆتە قەیرانەوە یاخود هەر نەماوە.
هەر بۆ ئەم مەبەستە داواکارین لە بەڕێزان ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتەکان لە پێناوی ئەوەی کە بزوتنەوەکە رووبەڕووی شکستی گەورەتر نەکەنەوە ، خۆیان هەڵبوەشێننەوە و لەبری ئەو بەڕێزانە بزوتنەوەکە ڕادەستی لیژنەیەکی بەڕێوەبردنی کاتی خاوەن متمانە بکرێت و لەئایندەیەکی نزیکدا زەمینەسازی بکرێ بۆ هەڵبژاردن بۆ ڕێکخەری گشتی و خانەو جڤاتەکان و هەڵبژاردنی ناوخۆی .وە هەروەها بە زوویی کاری جدی بکرێت بۆ ئاشتکردنەوەی سەرجەم ئەو هەڵسوڕاوانەی کە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی سەرکردایەتی بزوتنەوەکەوە ، وازیانهێناوە یان کارناکەن.
ئێمە بەڵێنی بەردەوامی لەسەر هەوڵەکانمان دووپاتدەکەینەوە، تا ئەو کاتەی کە بزوتنەوەی گۆڕان دەچێتەوە سەر ئەو راستەڕێیەی کە لە پێناویدا دامەزرابوو، وە بووبووە تاکە هیوای هاونیشتمانیانی باشوری کوردستان.