بەهۆی بەسەرچونی ماوەکەیان و نەشیاوی بۆ کێشان، لیژنەکان دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر توتنی نێرگەلەدا دەگرن.
شێنێ عەتار، نوێنەری کوالێتی و کۆنترۆڵی جۆری سلێمانی لە لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامەت رایگەیاند: لەسەر زانیاری ئاسایشی ئابوری و بەهۆی بەسەرچونی ماوەکەیان و نەشیاوی بۆ کێشان، لیژنەکە دەستی بەسەر (24) کارتۆن توتنی نێرگەلەی جۆراوجۆردا لە فرۆشگای (رەونەق ئارانکیل) لەبازاڕی جگەرەکەی شاری سلێمانیدا گرتوە.
وتیشی: بەپێی رێنماییە تەندروستییەکان، نێرگەلە کێشان زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، لەکاتی بەسەرچونی تام وبۆن و توتنەکانیدا، دەگۆڕێت و کاریگەری زیاتر و زیانەکانی زیاتر دەبێت لەسەر تەندروستی ئەو کەسانەی بەکاریدەهێنن و دەیکێشن.
رونیکردەوە: لەهەر دوکان و شوێنی فرۆشتن و کافتریایەک دەست بەسەر توتن و تاموبۆنی بەسەرچوی نێرگەلەدا بگیرێت بەتوندی شوێنەکەو خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی توتنە بەسەرچوەکە لەناودەبرێت و خاوەنی (رەونەق ئارانکیل) روبەروی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

