بێشكچی: پەكەكە دەیەوێ قەوارەی هەرێمی كوردستان تێكبدات

نووسەرێكی بەناوبانگی دۆستی كورد ئاشكرای دەكات كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە هەوڵدایە بە هاوبەشی لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، شنگال لە هەرێمی كوردستان دوور بخاتەوە و جەخت دەكاتەوە كە پەكەكە بە ویستی دەوڵەتانی ئێران، عێراق، توركیا و سووریا دەیەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان تێكبدات.

ئیسماعیل بێشكچی، نووسەری بەناوبانگی تورك كە دۆستێكی دێرینی گەلی كوردستانە، لە وتارێكدا بە ناونیشانی (هاوبەشیی پەكەكە و حەشدی شەعبی لە هەرێمی كوردستان)، ئاماژەی بەوە داوە كە ”حەشدی شەعبی رێكخراوێكە نەیاری كورد و كوردستانە. داعش چییە، حەشدی شەعبیش هەمان شتە. حەشدی شەعبی رێكخراوێك نییە یەك باڵ بێت، بەڵكوو دەكرێت بڵێین لەناو حەشدا چەندین باڵ هەیە، بەڵام لەناو هەموویاندا یەك تایبەتمەندیی هەیە، ئەویش نەیاری كورد و كوردستان بن“.

ڕوونیشی كردۆتەوە، پەكەكە هاوبەشی و هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دەکات، بەمەش دەیەوێت دەستكەوتەكانی كورد تێك بدات و ستاتۆی هەرێمی كوردستان بەرەو لێكترازان بەرێت. لەكۆتایی ساڵی ١٩٧٠دا، ئەو رێكخراوە بەیەكەوە بەرەو سەربەخۆبوونی كوردستان رێگەیان گرتە بەر، كەچی ئێستا گەیشتوونەتە ئەو خاڵە، كە دەستەكەوتەكانی كورد تێك دەدەن، هەروەها ستاتۆی هەرێمی كوردستان بەرەو لێكترازان دەبەن و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، ئەمەش بە ویستی ئێران و عێراق و توركیا و سووریایە.

بێشكچی باسی لە ڕۆڵی پەكەكە لە كارە تێكدەرانەكانی ئەم دواییەی سنووری پارێزگای سلێمانی لە ژێر ناوی خۆپیشاندان بۆ داواكردنی مووچە كردووە و جەختی كردۆتەوە كە ”میدیای پەكەكە، داوای لە پەرلەمانی عێراق دەكرد، هاوكار بێت تا ستاتۆی هەرێمی كوردستان بڕووخێنن، ئەمەش مایەی سەرنج بوو“.

ئاماژەشی داوە: ”میدیای پەكەكە، رووداوەكانی ئەم دواییەی بۆ مەرامیتر باس دەكرد، قەوارەی هەرێمی كوردستانی دەكردە ئامانج و بە هەواڵ و مانشێتەكانی خەڵكی هان دەدا، تا ئاژاوە زیاتر بێت، بەتایبەت كاتێك بە زاراوەی كرمانجی و سۆرانی هەواڵی بڵاو دەكردەوە و تووڕەیی گەنجانیشیان بەرامبەر بەغدا نەدەورووژاند، بەڵكوو بە ئاڕاستەی هەرێمی كوردستان مۆنۆپۆلیان دەكرد“.

بە بڕوای ئەو نووسەرە بەناوبانگەی دۆستی كورد، ”میدیای پەكەكە زوو زوو باس لەوە دەكات، كە دەوڵەتی توركیا، سووریا، ئێران، عێراق دەوڵەتی شەرعین، بەڵام هەرێمی كوردستانی پێ شەرعی نییە، ئەمەش تەنیا ئەو دەوڵەتانە دەتوانن ئەو قسانە بكەن، كە لەژێر فشاری داگیركاریی نێودەوڵەتیدا بوونە، وەكوو عێراق، سووریا، توركیا، ئێران“.

ئەوەشی نەشاردۆتەوە كە پەكەكە لە هەوڵی ئەوەدایە، لەگەڵ حەشدی شەعبی بە هاوبەشی و بە یەكەوە شنگال لە كوردستان دوور بخەنەوە، تەنانەت ”ئەمڕۆ (پەكەكە) لە شنگال بوونەتە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ئێران“، لە كاتێكدا خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ گەیشتن بەو قەوارەیان، باجی زۆر قورسیان داوە“.

بێشكچی پێیوایە: ”دەبێت بە شێوەیەكی زۆر پاك و بێگەرد، ستاتۆی هەرێمی كوردستان بپارێزرێت، ئەوەیشی هەوڵی لەناوبردنی ئەو ستاتۆیە بدات، تەنیا سوودی بۆ هێزی نەیارانی كورد و كوردستان دەبێت. (پەكەكە) دەبێت داوەت بكرێن، بۆ ئەوەی سەروەریی هەرێمی كوردستان بناسن، ئەگەریش سەروەریی هەرێمی كوردستان ناناسن، ئەوە پێویست دەكات ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵن. ئەگەریش بەجێی نەهێڵن، رووبەڕووی چاودێری و سزای ئیداریی دەبنەوە“.

ھەواڵی زیاتر