شۆڕش ئیسماعیل: بە ھێزو شەڕ ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت

ئه‌مڕۆ 17ی 12ی 2020 بەئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم و فەرماندە باڵاکانی وەزارەت و ژمارەیەک لەراوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان و ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەت، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌راسیمێكدا، رۆژی ئاڵای به‌رز راگرت.

له‌و مه‌راسیمه‌دا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ به‌شانازییه‌وه‌، به‌ڵێن دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌میشه‌ ئاڵای كوردستان به‌ به‌رزی راده‌گرین، ئاڵا پێناسه‌و ره‌مزی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ و ئێمه‌ی كوردیش خاوه‌ن ئاڵای تایبه‌تی خۆمانین، کە بە خوێنی سەدان هەزار رۆڵەی کورد لە کچ و کوڕە قارەمانەکانمان بەدی هاتووە.

وتیشی: ئه‌م ئاڵایه‌ی ئه‌مڕۆ له‌كوردستاندا به‌ به‌رزی ده‌شه‌كێته‌وه‌، ئاواتی له‌مێژینه‌ی ده‌یان و سه‌دان هه‌زار تێكۆشه‌رو نیشتمانپه‌روه‌ربوو، كه‌ به‌تاسه‌ی رۆژێكی ئازادی كوردستانه‌وه‌ بوون.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: له‌كاتێكدا و له‌رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ ده‌ست له‌سه‌ر سنگ له‌به‌رده‌م به‌رز راگرتنی ئاڵاكه‌مانداین، هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ به‌دۆخێكی سه‌خت و دژوار تێپه‌ر ده‌بێت. بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌مووانه‌ كه‌ به‌ روحێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییانه‌ پارێزه‌ری خاك و ئاڵاكه‌مان بین، تێپه‌راندنی ئه‌م دۆخه‌ش پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی و پشوودرێژی هه‌مه‌لایه‌نه‌ هه‌یه‌.

له‌ به‌شێكی تری وتاره‌كه‌یدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وتی: ده‌خوازم رۆژی ئاڵای کوردستان ھەمووان کۆبکاتەوە تاوەکو بە یەکگرتوویی بەرامبەر ھەڕەشە و مەترسییەکانی ئێستاو داهاتوو بوەستینەوە و رووبەڕووی قەیرانەکان ببینەوە. بۆیه‌ با ئه‌م یاده‌ بكه‌ینه‌ سه‌رمه‌شقی به‌یه‌كه‌وه‌بوونمان له‌ جێبه‌جێكردنی دروشمی (هه‌موو شتێك له‌پێناو كوردستان و ئاڵاكه‌ماندا) …

له‌سه‌ر گرژی و قه‌یران و كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ دووپاتی كرده‌وه‌، کە تەنها دیالۆگ و گفتوگۆ تاکە چارەسەرە بۆ كێشه‌و گرژییه‌كان، مێژوو سەلماندوویەتی بە ھێزو شەڕ ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت، بەڵکو کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و دەبێتە مایەی زیان و نەھامەتیی زیاتر. ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین و دەستی ئاشتی بۆ گەلانی عێراق و ناوچه‌كه‌ درێژ دەکەین، ئامادەین بە ئاشتی و دیالۆگ و گفتوگۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام دوور لە زمانی ھێز و خۆسەپاندن”.

له‌ناوه‌رۆكی ووتاره‌كه‌یدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند: بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سكه‌وته‌كانی ژێر سێبه‌ری ئه‌و ئاڵایه‌و خه‌باتی دوێنی پێشمه‌رگایه‌تی و رزگاریخوازی پارێزراوبێت، ئێمه‌ له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پڕۆسه‌ی چاكسازیمان له‌ته‌واوی سێكته‌ره‌كان ده‌ستپێكردوه‌و هه‌نگاوی باشیش نراوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، بۆیه شه‌كانه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌ ده‌بێت له‌ژێریدا سیستمێكی سه‌ربازی یه‌كگرتووی مۆدێرن و سه‌ربه‌خۆ هه‌بێت دوور له‌ده‌ستوه‌ردانی حیزبی وسیاسیی. ئه‌مه‌ش به‌هاوكاری هاوپه‌یمانان و دۆسته‌كانمان دێته‌ دێ و ده‌بێ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هه‌مووان شانازی به‌زیندوو مانه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵایه‌ بكه‌‌ین.

له‌كۆتایی وتاره‌كه‌ییدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ وتی: بەم بۆنەیەوە سڵاو و رێزی بێ پایان بۆ پێشمه‌رگه‌ گیانله‌سه‌رده‌سته‌كانمان كه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌و سازن بۆ به‌رگری له‌خاكی كوردستان، سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمه‌رگه‌ كه‌م ئه‌ندامبووانی سه‌نگه‌ر ، سڵاوی ئه‌مه‌كداری بۆ گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دەنێرم ، کە خوێنی خۆیان بەخت کردووە لە پێناو شه‌كانه‌وه‌ی ئه‌م سیمبوله‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌ كه‌ ئاڵای كوردستانه‌، ئه‌و ئاڵایه‌ی قۆناغ دوای قۆناغ وه‌ك ئه‌مانه‌تێكی مه‌زن پارێزگاری لێكراوه‌ تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌مڕۆ، كه‌ ده‌بینین له‌ سایه‌ی پیشمه‌رگه‌ و ئاڵای كوردستاندا سه‌نگی دیاری هه‌یه.

ھەواڵی زیاتر