پۆلیسی سلێمانی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێ” هیچ کارێکی بەدڕەوشتی لە مزگەوتەکەدا نەکراوە”
دەقی روونکردنەوەکە
رونکردنەوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە
دوای ئەوەی لەسایتی (ووشەنێت) ھەواڵێک بڵاوکرایەوە کە گوایە یەکێک لەمزگەوتەکانی ناو بازاڕی شاری سلێمانی بۆ کاری بەد ڕەوشتی بەکاردەھێرێ، بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنکەی پۆلیسی سەرای ڕاسپارد کە لێکۆڵینەوەو بەدواداچون بۆ ڕاستی و دروستی ھەواڵەکە بکەن.
پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە، دەستبەجێ بنکەی پۆلیسی سەرا لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردو بەووتەی مامۆستای ئاینیی مزگەوتەکە لەمساڵدا ھیچ کارێکی بەدڕەوشتی لەمزگەوتەکە ئەنجامنەدراوە.
ھەروەھا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی ڕەتیکردۆتەوە کە ھیچ کارێکی بەدڕەوشتی لەو مزگەوتە ئەنجامدرابێت و بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەشیان لەوبارەیەوە داوە.
ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دوپاتیدەکاتەوە کە وەک ئەرکی سەرشانیان ئامادەیی تەواویان ھەیە بۆ چاودێریکردن و بەرگرتن لەھەر کارێکی بەدڕەوشتی و نایاسایی لەھەر شوێن و جێگایەکی شاری سلێمانیدا ئەنجامبدرێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان