ژمارەیەک پەرلەمانتار لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان مانگرتنیان ڕاگەیاند.
سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی کوردستان کە ئەویش مانیگرتووە بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، ژمارەیەک پەرلەمانتار کە لە زۆربەی فراکسیۆنەکان پێکهاتووین لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان مانمانگرتووە و دەمانەوێ ببینە هۆکارێک بۆ باشبوونی گوزەرانی خەڵک.
دەقی راگەیەنراوی پەرلەمانتارە مانگرتووەکان
جەماوەری ستەمدیدەی كوردستان..
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەو گەنجە غەدر لێكراوانەی بە ناهەق لە خۆپیشاندانەكاندا و لەسەر داواكردنی مافە رەواكانیان شەهیدكران، خۆپیشاندەرانی ئازیز..
ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستان، وێڕای سوربونمان لەسەر یەكدەنگیی و بەرگریكردن لە مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان و پێداگریمان لەسەر باشكردنی ژیان و گوزەرانیان و هەروەها چارەسەركردنی قەیرانی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەم راگەیاندراوە فەرمییە، هەڵوێستی خۆمان بۆ رایگشتیی كوردستان رادەگەیەنین:
1- سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم خەمساردن لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە دروستكراوانەی خۆیان بونەتە ئەندازیاری دروستكردنی و هەرێمی كوردستانیان نغرۆی كارەساتی گەورەی دارایی و ئابوریی كردوە، كەچی هێشتا بەردەوامن لە برسیكردنی خەڵك و ناشەفافییەتی داهاتەكانی نەوت و شاردنەوەی گرێبەستەكان و قاچاخچێتیی لە سنورەكان دا، لەكاتێكدا رۆژانە گەنجی غەدر لێكراو و بێكاریش بە گوللە شەهیددەكرێن.
2- ئێمە دژی توندوتیژین، بەڵام كە گەیشتە توندوتیژیی، خوێنی مرۆڤێكمان زۆر لا پیرۆزتر و گەورەترە لە پەنجەرە و دەرگای بارەگایەكی حزبیی و، دەبێت بەرپرسانی حزبیی و حكومیی، بەرپرسانەتر مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەكانی شەقام دا بكەن ئەم خوێنڕشتن و توندوتیژیە كۆتای پێبهێنرێت، و داوایش لەهێزە ئەمنییەكان دەكەین، خۆپیشاندەرانیش رۆڵەی ئەم هەرێمەن و ئەو غەدرەی لەوان كراوە و لەسەری دێنە سەر شەقام، هەمان غەدر لەئێوەیش كراوە بۆیە لولەی تفەنگەكانتان لە بەرانبەریاندا رامەگرن.
3- داواكارین لە سەرجەم حزبەكان، لەو شار و شارۆچكانەدا كە گرژیی و ئاڵۆزییان تێدایە، بارەگاكانیان چۆڵبكەن و خۆیان بەدوربگرن لە روبەروبونەوەی خۆپیشاندەران و نەهێڵن ئاگری خۆپیشاندانەكان زیاتر پەرەبسێنێت.
4- بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، یاداشتێك ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەین بۆ ئەوەی بەزووترین كات كۆببینەوەو حكومەت بێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی حكوحەت مولزەم بكرێت چاکسازی ڕیشەیی بکات لە دۆسیەی نەوت و گەندەڵیی و قاچاخچێتیی و دۆسیەی باج و کۆمپانیاکاری و چارەسەری ڕیشەی كیشەی موچەی فەرمانبەران و ڕێكەوتنی فعلی لەگەڵ حكومەتی ناوەند و کۆتایی ھێنان بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.
5- داوا لە خۆپیشاندەران دەكەین، شێوازی ئاشتییانە بگرنە بەر بۆ داواكردنی مافە رەواكانیان، وەك چۆن دەربڕینی ناڕەزایی، مافێكی پیرۆزە و پشتیوانییان داوایان لێدەكەین داوا دەکەین خۆیان بپارێزن لە توندوتیژیی و سوتاندنی شوینە گشتییەكان، كە موڵكی گشتین.
جەماوەری دڵسۆزی كوردستان..
بەڵێنتان بۆ دوپاتدەكەینەوە هەمیشە پشتیوان دەبین بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانتان و ھەموو ڕێکارێکی پەرلەمانی و مەدەنی لەم پێناوەدا دەگرینە بەر، بڕیارماندا بە مانگرتن لە پەرلەمانی کوردستان لە پێناو ئامانجی خۆپیشاندەران و چاکسازی گشتگیرو ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان.
لە پشتیوانیکردنی ناڕەزاییەکان بەردەوام دەبین، تا ئەوكاتەی ئاسۆیەكی راستەقینە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكی كوردستان دەردەكەوێت و پەرلەمان كارادەكرێتەوە و كۆتایی بەم دۆخە نەخوازراوە دەهێنرێت.
داوادەکەین سەرجەم پەرلەمانتاران پشتیوانی خواستی دەنگی ناڕەزایی خەڵکی کوردستان بکەن.
بەشێک پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان
9/ 12/ 2020