ئاوات شێخ جەناب بۆ بەغدا: پابەند دەبین، شایستە داراییەکانمان بنێرن

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی بەپێی یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ڕادەگەیەنێت.

ئاوات شێخ جەنار، وەزیری دارایی و ئابووری لە نووسراوێكدا كە ڕۆژی ٧ی ١٢ی ٢٠٢٠ ئیمزاكراوە و ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی ١٢ی ٢٠٢٠ خالید شوانی، وەزیری هەرێم بڵاوی كردۆتەوە، بە وەزارەتی دارایی عێراقی راگەیاندووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەكی لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی نووسراوی وەزارەتی دارایی عێراق كە ڕۆژی ٢٢ی ١١ی ٢٠٢٠ نێردراوە، نییە و پێشتریش مەسرور بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە نامەیەكی فەرمی كە بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی ناردووە، جەختی لە هەمان بابەت كردۆتەە.

ئاوات شێخ جەناب دووپاتی كردۆتەوە، هەرێمی كوردستان ئامادەیە پابەندییەكانی جێبەجێ بكات، لە بەرامبەر ئەوەی كە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ شایستە داراییەكان كە لە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییدا بڕیاری لێدراوە، بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كردووە كە فەرمان بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان كراوە، ئامادەكاری بۆ كاركردن بە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی عێراق بكەن و پێشنیازیشی كردووە، كۆبوونەوەیەكی تەكنیكیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردوو حكوومەت بكرێت. بۆ ڕێككەوتن لەسەر میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی پابەندییەكان كە بە یاسا كەوتۆتە سەر هەردوو لایەن.

ھەواڵی زیاتر